هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی داوا لە حکومەتی بەغداد و هەولێر دەکات دووربکەونەوە لە گرژییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووری
ئەمڕۆ دووشەممە (16ی 3ی 2026)، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لە حکومەتی بەغداد و هەولێر کرد کە خۆیان لە گرژییەکان بەدوور بگرن بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی ئابووری
هاوپەیمانییەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: «بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو بەیاننامانەی کردووە کە لە لایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوون، و ئەو جیاوازییەی لە هەڵوێستەکاندا دروستبووە»
ڕۆژی ڕابردوو، لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە داوامان کردووە نەوت لە ڕێگای بۆریی بەندەری جیهانەوە ڕەوانە بکەین، بەڵام هەرێم ڕازی نییە. لە وەڵامی ئەم بەیاننامەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە توندی بەیاننامەکەی عێراقی ڕەتکردەوە و بە شێواندنی ڕاستییەکان ناوی برد
هاوپەیمانییەکەی مالیکی ئاماژەی بەوە کردووە کە کەڵەکەبوونی ناکۆکییەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە، لە کاتێکدا ئێستا پێویستمان بە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەیە
هەروەها داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە ڕۆحیەتی بەرپرسیارێتی مامەڵە بکەن و دووربکەونەوە لە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە چارەسەری کێشەکان تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە دەبێت، و وتی: «ئاسایشی ئابووریی عێراق و سەقامگیری ژیانی هاوڵاتییان دەبێت لە سەرووی هەموو پێوەر و بەرژەوەندییەکی دیکەوە بێت».
156 جار خوێندراوەتەوە