بزوتنەوەی گۆڕان: پەیامی هەڵەبجە یەکڕیزیی نیشتمانییە و داوای قەرەبووکردنەوەی قوربانییان دەکەین

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 16/03/2026
کوردستان
+
-

بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی 38 ساڵەی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕایدەگەیەنێت، باشترین وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان لە ڕێگەی تەبایی و یەکڕیزیی سیاسیی هێزە کوردستانییەکانەوە دێتە دی، هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکات قەرەبووی قوربانییان بکاتەوە و ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکات.


لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کردووە کە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە لەکاتێکدایە ناوچەکە لە دۆخی شەڕ و ناسەقامگیردایە، بۆیە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە فشارەکانی بۆ قەدەغەکردنی چەکی کۆمەڵکوژ توندتر بکات، تا هەڵەبجە ببێتە دوا وێستگەی ئەو جۆرە تاوانانە لە جیهاندا.


بزوتنەوەکە داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانیان و کەسوکاریان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوەوە. هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی تەواوکردنی هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە.


لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، گۆڕان ئاماژە بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تەنها بە گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتوو دەتوانرێت دەستکەوتەکان بپارێزرێن و برینەکان ساڕێژ بکرێن. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە کارەساتی هەڵەبجە تەنها ناسنامەی مەزڵومیەتی گەلی کورد نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری تاوانی جینۆسایدە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.


گۆڕان: پەیامی هەڵەبجە یەکڕیزی نیشتمانیە
ئەمڕۆ، 16ی ئازار، یادی کارەساتی هەڵەبجە دەکەینەوە؛ ئەو برینە قوڵەی تەنها ناسنامەی مەزڵومیەتی گەلی کورد نیە، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری تاوانی جینۆسایدە لە مێژویی مرۆڤایەتیدا.

یادی (38)هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لەکاتێکدایە، ناوچەکە لە دۆخی شەڕ و ناسەقامگیردایە، ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە فشارەکانی بۆ قەدەغەکردنی چەکی کۆمەڵکوژ توندتر بکات، تا هەڵەبجە ببێتە دوا وێستگەی تاوانی کۆمەڵکوژ لە جیهاندا.

هاوکات، داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانیان و کەسوکاریان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەگەڵئەوەی هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکرێت و بودجەی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە تەرخان بکرێت.

لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، باشترین وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان، لە ڕێگەی تەبایی و یەکڕیزیی سیاسیی هێزە کوردستانییەکانەوە دێتە دی، تەنها بە گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتو دەتوانین دەستکەوتەکان بپارێزین و برینەکان ساڕێژ بکەین.

بزوتنەوەی گۆڕان
16/3/2026

92 جار خوێندراوەتەوە