38 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا

KNN : Kurdish News Network
09:18 - 16/03/2026
کوردستان
+
-

 

ئەمڕۆ، 16ی 3ی  2026، 38 ساڵ بەسەر یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستەمدا تێدەپەڕێت. لەو ڕۆژەدا و لە کاتژمێر 11:35ی پێشنیوەڕۆی 16ی 3ی 1988، ڕژێمی بەعس لە هەڵمەتێکی دڕندانەدا، شاری هەڵەبجەی بە تێکەڵەیەک لە گازە ژەهراوییەکانی وەک (خەردەل، سیانید، سارین و تابون) بۆردومان کرد 

 

لە ئاکامی ئەم هێرشەدا 
• 5000 شەهیدی بێتاوان کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
• هەزاران بریندار کە تا ئەمڕۆش دوای 38 ساڵ، بە دەست ئازاری سییەکانیان و برینە جەستەییەکانیانەوە دەناڵێنن.
• 140 هەزار ئاوارە و دەربەدەر.
• سەدان منداڵی ونبوو کە تا ئێستاش چیرۆکی دابڕانیان لە خێزانەکانیان برینێکی ساڕێژنەکراوی شارەکەیە

 

یادی ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە بە مەراسیمی جەماوەری و چالاکی فراوان یادی ئەم کارەساتە دەکرایەوە، ئەمساڵ بەرپرسانی شارەکە ڕایانگەیاندووە کە هیچ مەراسیمێکی فەرمی بەڕێوە ناچێت. ئەم بڕیارە بەهۆی بارودۆخی نالەباری ناوچەکە،بە مەبەستی پاراستنی ئەمنیەتی هاوڵاتیان دراوە

 

لەکاتێکدا 38 ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا تێدەپەڕێت، برینی هەڵەبجەیییەکان تەنها هی ڕابردوو نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پشتگوێخستنی ئێستاشەوە هەیە. حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقی نوێ، وەک میراتگری یاسایی ڕژێمی پێشوو، تا ئێستاش:
• ئامادە نەبوون قەرەبووی ماددی و مەعنەوی شایستەی قوربانیان و کەسوکارەکانیان بکەنەوە.
• هەنگاوی کردەیی و پێویستیان بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی شارەکە و چارەسەری بنەڕەتی برینداران نەناوە.

29 جار خوێندراوەتەوە