جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی
پەرلەمانی کوردستان، لە نوسینێکیدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایتی
فەیسبوک بلاویکردوەتەوە هێرشی توند دەکاتە
سەر کارکردنی بانکە ئەهلییەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن، و ڕایدەگەیەنێت کە ئەو
بانکانە بە پاساوی "کارنەکردنی ئامێرەکانی ATM" و "گرفتی تەکنیکی"،
دەستی دەستی بە مووچەخۆران دەکەن و لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان بێبەشیان دەکەن.
هەواڵ: KNN
جوانڕۆ محەمەد ئاماژەی
بەوە کردووە کە لە کاتێکدا فشارێکی زۆر لەسەر فەرمانبەران هەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی
(هەژماری من) و لە ئەگەری نەکردنی، مووچەکانیان ڕادەگیرێت، کەچی هیچ چاودێری و سزایەک
بۆ ئەو بانکانە نییە کە نابەرپرسانە مامەڵە دەکەن.
دەشڵێت: "بۆ دەبێت سزا تەنیا
بۆ هەژارەکان بێت؟ کاتێک بانکێک بە پاساوی پووچ و گرفتی ئامێرەوە ئاستەنگی بۆ ژیانی
مووچەخۆر دروست دەکات، دەبێت ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی
لەوەش کردووەتەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر بەسەر دابەشکردنی مووچەدا، تا
ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆران بەهۆی کەمتەرخەمیی بانکە ئەهلییەکانەوە مووچەی
مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاووڵاتییان لە بەردەم پێشوازیی
جەژندان و پێویستییەکی زۆریان بەو پارەیە هەیە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا،
ناوبراو داوا دەکات دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و چیتر ڕێگە
نەدەن بانکە ئەهلییەکان یاری بە کات و بژێویی مووچەخۆرانەوە بکەن، چونکە ئیفلیجکردنی
دامەزراوەکانی چاودێری ڕێگەی بۆ ئەم "دەستی دەستییە" خۆش کردووە.
104 جار خوێندراوەتەوە