بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە میدیاییە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسانی ئێرانییەوە دزەیان کردووە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهۆی برینداربوونی لە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران، تا ئێستا نەیتوانیوە لە هیچ گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەربکەوێت یان پەیامێکی نووسراو بڵاوبکاتەوە.
سێ بەرپرسی باڵای ئێران کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاندووە کە موجتەبا خامنەیی تەمەن ٥٦ ساڵ، لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران (٢٨ی شوبات) بریندار بووە. بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو لە ناحیەی قاچەکانیدا تووشی برینداریی بووە، بەڵام لە ئێستادا لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدایە و لە حەشارگەیەکی زۆر پارێزراو نیشتەجێ کراوە کە پەیوەندییەکانی تێدا سنووردارە.
هاوکات، بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکەنەوە کە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەوان پێشتر و پێش دەستبەکاربوونی موجتەبا وەک ڕێبەر، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوبراو لەو هێرشەدا بریندار بووە. هێرشەکەی ٢٨ی شوبات کە کۆمەڵگەیەکی سەرکردایەتی لە جەرگەی تاران کردە ئامانج، بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران، دایکی موجتەبا، هاوسەرەکەی، یەکێک لە کوڕەکانی و چەندین بەرپرسی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە.
1154 جار خوێندراوەتەوە