ئازادکردنی هەولێر بەرهەمی یەکگرتویی و یەکڕیزی بو

KNN : Kurdish News Network
11:05 - 10/03/2026
کوردستان
+
-

مەکۆی هەولێر: ئازادکردنی هەولێر بەرهەمی یەکگرتویی و یەکڕیزی بو


مەکۆی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان، لە ساڵیادی ڕاپەڕینی شاری هەولێردا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان وەرچەرخانێکی مێژوویی و سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئازادی بووە، کە بە پلان و نەخشەی ژیرانەی "نەوشێروان مستەفا" و یەکڕیزیی گەل و پێشمەرگە تۆمار کراوە.
مەکۆی هەولێری گۆڕان ئاماژەی بەوە کردووە، ڕاپەڕینی ١١ی ئازاری ١٩٩١ی شاری هەولێر، داستانێکی شکۆداری یەکگرتوویی بوو کە تێیدا جەماوەری شارەکە بە ئیرادەیەکی نەتەوەییەوە تەواوی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعسیان ڕاماڵی و قەڵای هەولێریان کردە سیمبولی سەرکەوتن. ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردووەتەوە کە ١١ی ئازار تەنها بۆنەیەکی سەربازی و سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و کەلتووری هەیە و هێمای خۆڕاگریی گەلی کوردە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: "پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین تەنها بە بونیادنانی حوکمڕانییەکی مۆدێرن و دادپەروەر دەبێت، بە جۆرێک کە هەولێری پایتەخت و تەواوی شارەکانی کوردستان موڵکی هەمووان بن و بەرژەوەندیی نیشتمانی بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە." مەکۆی هەولێری گۆڕان دووپاتی دەکاتەوە کە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان، باشترین وەفادارییە بۆ ئامانجەکانی ڕاپەڕین.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی، ئاماژە بە ڕۆڵی مێژوویی شەهید (خەجە باوە) کراوە وەک سیمبولی خۆڕاگریی هەولێر و ناسنامەی شکۆی بەشداریی ژنانی کورد لە داستانی ڕزگارکردنی پایتەختدا.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

مەکۆی هەولێر: ئازادکردنی هەولێر بەرهەمی یەکگرتویی و یەکڕیزی بو


ڕاپەڕینی سەرتاسەریی گەلی کوردستان دژ بە ڕژێمی داگیرکەری بەعس، وەرچەرخانێکی مێژوویی و سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئازادی نیشتمانەکەمانە،بەسود وەرگرتن 
لە هەلومەرجە لەبارە نێودەوڵەتییەکان و پلانی وردی سەرکردایەتی سیاسی، بەتایبەت ڕۆڵ و نەخشەی ژیرانەی (نەوشێروان مستەفا) تۆمار کرا ،،
ڕاپەڕینی شاری هەولێر لە ١١ی ئازاری ١٩٩١ بەرهەمی داستانێکی شکۆداری یەکڕیزیی گەل و پێشمەرگە بوو ،لەو ڕۆژەدا جەماوەری شاری هەولێر بە ویستێکی نەتەوەیی و کوردانە ڕژانە شەقام و کۆڵانەکان و لەماوەیەکی پێوانەییدا تەواوی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی داگیرکەریان ڕاماڵی و قەڵای هەولێریان کردە سیمبولی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل،
بۆیە 11ی ئازار تەنها بۆنەیەکی سەربازی و سیاسی نەبووە، بەڵکو رەهەندی کۆمەڵایەتی و کەلتوریشی هەبووە وەبووە هێمایەک بۆ خۆڕاگری و یەکگرتوویی گەلی کورد،
وەکو مەکۆی هەولێری گۆڕان،جەخت دەکەینەوە،
لەسەر ئەو هێڵە ڕاستگۆیانەیەی باوەڕمان پێیەتی،
پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بەبونیادنانی حوکمڕانییەکی مۆدێرن و دادپەروەر دەبێت،هەولێری پایتەخت و هەموو شارەکانی کوردستان موڵکی هەمووان بن و بەرژەوەندیی نیشتمانی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بێت،کارکردن بە گیانێکی نیشتمانی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان،باشترین وەفادارییە بۆ ئەو ئامانجانەی ڕاپەڕینی لە پێناودا ئەنجام درا،
 لەم یادە پڕ لە سەروەرییەدا،سەری ڕێز و نەوازش بۆ تەواوی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی دادەنەوێنین و بەتایبەت ناوی ژنە تێکۆشەر و سیمبولی خۆڕاگریی هەولێر ،شەهید (خەجە باوە)بەرز ڕادەگرین، کە بە خوێنی خۆی بووە ناسنامەی شکۆ و بەشداریی ژنانی کورد لە داستانی ڕزگارکردنی پایتەختدا.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

مەکۆی هەولێری گۆڕان،،

١١ی ئازاری ٢٠٢٦

119 جار خوێندراوەتەوە