نێچیرڤان بارزانی: رێگەنادەین خاکی هەرێم ببێتە مەترسی بۆ سەر ئێران

KNN : Kurdish News Network
03:33 - 10/03/2026
کوردستان
+
-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە و رێگەش نادرێت خاکی هەرێم ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئێران. 

 

رۆژی سێشەممە (10-3-2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆک، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد.

 

 بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی پێشمەرگە، ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکان ئامادەی بوون، بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

 

 نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردەوە: "هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت."

 

تەئکیدی لەوەشکردەوە: "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ."

 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هێرشە درۆنیانەی دەکرێنە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا: "حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارە لەوەی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی."

114 جار خوێندراوەتەوە