سەرچاوە ئاگادارەکان لە کۆشکی سپییەوە ئاشکرایان کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمەڵێک بژاردەی سەربازیی نوێی بۆ وەڵامدانەوە و لێدانی ئێران خراوەتە بەردەست.
بەپێی ڕاپۆرتی هەردوو ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) و (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)، لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە (کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت) گواستراوەتەوە کە "هەرچەندە بژاردە سەربازییەکان پێشکەشی ترەمپ کراون، بەڵام تا ئێستا ناوبراو بڕیاری کۆتایی نەداوە." هاوکات بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بژاردەی زیاتر و وردتر بخیرێتە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا.
هێرشی ئەلیکترۆنی و ئینتەرنێتی ستارلینك بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە داوە کە واشنتۆن خاوەنی چەندین توانایی و کەرەستەی جیاوازە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، لەوانەش ئەگەری ئەنجامدانی "هێرشی ئەلیکترۆنی" بەهێز.
لەلایەکی دیکەوە، هەمان بەرپرس جەختی کردووەتەوە کە ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی لە بڕیارەکەی بازرگانی ئەمریکی (ئیلۆن مەسک) دەکات بۆ دابینکردنی وێستگەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (Starlink) بۆ هاوڵاتیانی ئێران، بە مەبەستی شکاندنی سانسۆری ئینتەرنێت.
هێڵی سوور و خۆپیشاندانەکان سەبارەت بەوەی ئایا تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەبێتە "هێڵی سوور" بۆ ئەمریکا و دەبێتە هۆی جوڵەی سەربازی، تۆڕی (CBS News) لە زاری بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا خۆی لە وەڵامی ڕاستەوخۆ و پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە بەدوور گرتووە و تەنها ڕایگەیاندووە: "تەنها ترەمپ دەتوانێت هێڵە سوورەکان دیاری بکات."
پێشتریش ماڵپەڕی (Axios) لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە ئاشکرای کردبوو کە ئاڕاستەیەک لەناو ئیدارەی ترەمپدا هەیە کە مەیلیان بەلای لێدانی سەربازیی ڕژێمی ئێراندایە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا هێشتا سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیارەکانی تارانە بۆ دانوستان.
51 جار خوێندراوەتەوە