ماڵپەڕێکی
عێراقی لەزاری لێکۆڵەرێک ئاشکرای دەکات کە لێدوانەکانی ئەم دواییەی نەتانیاهۆ لەسەر"
لەناوبردنی میحوەری ئێران" عێراق بەهۆی بونی گروپە چەکدارەکانەوە دەکەوێتە
مەترسییەکی گەورەوە.
هەواڵ:KNN
ئاژانسی البغداد
الیوم لە زاری حسێن ئەلئەسەد لێکۆڵەری کاروباری ستراتیژی بڵاویکردوەتەوە کە " لێدوانەکانی ئەم دواییەی نەتانیاهۆ کە تیایدا
بانگەشەی ئەوەی کردبو کە ئیسرائیل دوژمنەکانی دەشکێنێت و هەوڵی لەناوبردنی میحوەرەکەی
ئێران دەدات، کاریگەریی مەترسیداری لەسەر داهاتوی هاوسەنگییە ناوچەییەکان هەیە، ئەم
لێدوانانە تەنها پەیامی میدیایی نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕەوتی ڕونی ئیسرائیلە بۆ چڕکردنەوەی
فشارەکان لەسەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، عێراقیش بێبەری نییە لە کاریگەرییەکانی،
چ لەسەر ئاستی حکومەت و چ لەسەر ئاستی گروپە چەکدارەکان ".
ناوبراو زیادی
کرد: عێراق دەکەوێتە نێو ئەو بازنەیەی کە نەتانیاهۆ بەم هەڕەشەیە کردوویەتییە
ئامانج، مەرج نییە وەک وڵاتێک ڕاستەوخۆ بێت، بەڵکو لە ڕێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک
لە ئێران و چالاک لە سەر گۆڕەپانی عێراق، ئەم گروپانە بە بەشێک لەو شتە دادەنرێت کە
بە ‘میحوەری بەرخۆدان’ ناسراوە.
ئەلئەسەد لە درێژەی
قسەکانیدا وتی: عێراق وەک دەوڵەتێکی فەرمی هەوڵدەدات خۆی لە ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ
ئیسرائیل بەدور بگرێت، بەڵام بونی گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی تەواوی
حکومەت دەیخاتە پێگەیەکی هەستیار و بەرکەوتەی لێکەوتەکانی هەڕەشەی ئیسرائیل، تەنانەت
ئەگەر لایەنێکی فەرمیی ململانێکانیش نەبێت.
دەشڵێت" ئەم گروپانە عێراق دەکەنە ناوچەیەکی هەستیار کە ئەگەری پەرەسەندنی
گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، دەتوانێ بکەوێتە ژێر گوشار یان ئامانجی ئیسرائیل".
297 جار خوێندراوەتەوە