ئیبراهیم رەزایی: تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆم تاکە بژاردەیە بۆ پاراستنی داهاتومان

KNN : Kurdish News Network
08:31 - 20/09/2025
جیهان
+
-

وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس، جەخت لەوەدەکاتەوە کە هیچ هۆکارێک نییە بۆ بەردەوامبون لە هاوکاری لەگەڵ ئاژانس ودەشڵێت" تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی تاکە بژاردەیە کە دەتوانن ئێران لە چارەنوسی عێراق و لیبیا بپارێزن".

هەواڵ:KNN

ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس، گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی دژی کۆماری ئیسلامیی بە "  نایاسایی و ناڕەوا" ناوبرد و وتی: ئەم کارە نابێتە هۆی وەستان و گومان لە بەرنامەی ئەتۆمیەکانمان.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ دەستبەرداری هەمو کۆت و بەندەکانی ڕێکخراوی JCPOA بێت و ڕیاکتۆری ئاراک بە توانای 40 مێگاوات سەرلەنوێ دیزاین بکاتەوە و ئامێری سەنتەرفۆجی نەوەی نوێ دروست بکات.

ڕەزایی بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی قاهیرە ڕایگەیاند کە ئەم لێکتێگەیشتنە "لەناوچووە" و ئیتر هیچ هۆکارێک نییە بۆ بەردەوامبون لە هاوکاری لەگەڵ ئاژانس یان مانەوە لە NPT و وتیشی" تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی تاکە بژاردەیە کە دەتوانن ئێران لە چارەنوسی عێراق و لیبیا بپارێزن".

ئاماژەی بەوەشکرد: گەڕانەوەی سزاکان کاریگەرییەکی نوێی ئابوری نابێت و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی دراو زیاتر بەهۆی کاریگەرییە دەرونییەکانەوەیە، بە وتەی ئەو، پێویستە حکومەت سەرنجی سەرەکی خۆی لەسەر بێلایەنکردنی سزاکان چڕ بکاتەوە بە پشتبەستن بە توانا ناوخۆییەکان و هیوایەک بۆ ئەمریکا و ئەوروپا نەبێت.

1653 جار خوێندراوەتەوە