بەفشاری ئەمریكا ئیسرائیل و سوریا ڕێككەوتننامەیەكی ئەمنی واژۆ دەكەن

KNN : Kurdish News Network
05:11 - 23/09/2025
جیهان
+
-

كەناڵی سكای نیوز عەرەبی بڵاویكردەوە بڕیارە رێككەوتننامە ئەمنیەكەی نێوان سوریاو ئیسرائیل سبەی چوارشەممە یان پێنج شەممە بەفشاری ئەمریكا واژۆ بكرێت و بەو پێیەش پێویستە سوریا سوپاو چەكە قورسەكانی لەباشوری وڵاتەكەی بكشێنێتەوە.

 

هەواڵ:KNN

هەروەها دیمەشق بۆی هەیە تەنیا هێزی پۆلیس لەسوەیداو ناوچەكانی دروز بڵاوبكاتەوەو لەهەمان كاتیشدا ئیسرائیل بۆی هەیە ئاسمانی سوریا بەكار بهێنێت لەدژی ئێران .

 

ئاماژە بەوەشكراوە كە بەپێی ڕێككەوتنە ئەمنیەكە سوپای ئیسرائیل لەبەرزاییەكانی جەبەل شێه و تەلحارەی باشوری سوریا بۆ چاودێریكردن دەهێڵێتەوە.

 

لەئاستێكی تردا رێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، حکومەتی كاتیی سوریا شەفافیەتێکی تەواو لە لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا لە ناوچەكانی عەلەوییەكان ڕوویانداوە نیشان نەداوە، سەرەڕای بەڵێنەکانی بە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی بەرپرسیاری پێشێلكارییەكانن.

 

ڕێکخراوەکە ڕوونیشیکردەوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا ئاشکرانەکراوە کە ئایا باس لە ڕۆڵی سەرکردە باڵا سەربازی و مەدەنییەکان كراون  یان ئەو هەنگاوانە چین  كە بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان دەنرێن.

 

هیومان ڕایتس وۆچ ، ئاماژەی بەوەشكردوە  دانپێدانانی حکومەت بەو پێشێلكاریانەی هێزەكانیان لەخۆیدا  هەنگاوی یەکەمە، بەڵام بەس نییە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری دەرهەق ئەو بەرپرسە باڵایانەی كە دەستیان لەپێشێلكارییەكاندا هەبوە و جەختیشكراوەتەوە كە تاوان و پێشێلكارییەكان  لەسەر بنەمای تایەفی بوون .

 

هیومان ڕایتس وۆچ داوای لە دەسەڵاتدارانی سوریا کردوە کە ڕاپۆرتەكەی لیژنەی لێكۆڵینەوەكە بەتەواوی بڵاوبكاتەوە .

290 جار خوێندراوەتەوە