وەزارەتی دارایی و ئابووری نیگەرانە لەبارەی دواكەوتنی وەرگرتنی موچەی فەرمانبەران لەسلێمانی

KNN : Kurdish News Network
07:49 - 07/09/2025
ئابوری
+
-

ڕاگەیێندراوێک لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەبارەی بانکی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای)

 

هەواڵ: KNN

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری نیگەرانە لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتبووە بەردەم هاوڵاتییانی شاری سلێمانی لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای).

ئەم مانگە، نزیکەی 24,000 مووچەخۆر مووچەکانیان لەڕێگەی تی بی ئایەوە وەردەگرن. لەنێوان 1 تاکو 3ـی ئەیلوول، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 ملیار دیناری گواستۆتەوە بۆ بانکی تی بی ئای بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر تەواوی مووچەخۆرانی بانکی ناوبراو.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لە بانکی تی بی ئای دەکات، وەک تاکە بانکی حکومی پڕۆژەکە، ڕێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من بگرێت، ئەمەش دابینکردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، و شاری سلێمانی بەتایبەتی.

 

بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لقەکانی بانکی تی بی ئای و ستافەکەی دەکات کە زیاتر لە کاتی ئاسایی دەوامەکانیان کاربکەن تا دڵنیا دەبنەوە لەوەی تەواوی هاوڵاتییان بەبێ کێشە دەستییان بە مووچەکانیان دەگات. هەروەها تی بی ئای دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بکات لە ژێرخانەکەی تاکو ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام دەبێت لە کارکردنی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و تەواوی بانکە بەشداربووەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە بانکیەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و سەردەمییانە لە پڕۆژەی هەژماری من پێشکەشی تەواوی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.

 

7906 جار خوێندراوەتەوە