شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ڕۆژانی جەژندا دەگاتە لوتکە

KNN : Kurdish News Network
05:06 - 25/05/2026
کوردستان
+
-

شەپۆلێکی نوێی گەرما ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا کاریگەرییەکانی بە تەواوی دەرکەون، بەتایبەت لە دووەم ڕۆژی جەژندا گەرماکە دەگاتە لوتکە

 

پشتیوان پێنچوێنی شارەزای کەشناسی بە KNN ڕاگەیاند ، لە سبەینێ سێشەممەوە (26ی 5ی 2026) شەپۆلێکی گەرما ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. چەقی کاریگەریی شەپۆلەکە دەکەوێتە دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان ، بە جۆرێک لە زۆربەی ناوچەکان و بەتایبەت لە ئیدارەی گەرمیان پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە و گەرمایەکی بێزارکەر دروست دەکەن

 

سەبارەت بە ڕەوشی ئاسمان لە ڕۆژانی جەژندا، ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ دەرکەوتنی پەڵە هەور، و لە هەندێک کات و ناوچەشدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری تاوە بارانێکی لاوازی کورتخایەن هەیە. هاوکات، پێشبینی دەکرێت لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم خۆڵبارین دروست ببێت، هەرچەندە ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەم ماوەیەدا خێران

 

پێشبینی دەکرێت لە لوتکەی شەپۆلەکەدا و لە دووەم ڕۆژی جەژندا، بەرزترین پلەکانی گەرما لە شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بن: هەولێر 37 پلە، سلێمانی 34 پلە، دهۆک 34 پلە، هەڵەبجە 36 پلە، کەرکوک 39 بۆ 40 پلە. هەروەها لە قەزای کەلار 41 پلە، پێنجوێن 29 پلە، ناحیەی حاجی ئۆمەران 26 پلە و لە چیای حەسارۆست 12 پلەی سەدی دەبێت

 

249 جار خوێندراوەتەوە