لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا دابەزی و تێکڕای هەناردە گەیشتووەتە کەمتر لە 10 ملیۆن بەرمیل، بەمەش کۆی داهاتی نەوت بەراورد بە مانگەکانی پێشوو بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە
بەپێی ئامارەکانی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ مانگی نیسانی 2026 ، تێکڕای هەناردەی نەوت تەنیا 9 ملیۆن و 884 هەزار بەرمیل بووە، کە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە دەکاتە 329 هەزار بەرمیل. لەو بڕەش 4 ملیۆن و 587 هەزار بەرمیلی لە کێڵگەکانی بەسرەوە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە کراوە، هەروەها 4 ملیۆن و 957 هەزار بەرمیل لە کەرکووک و 339 هەزار بەرمیلیش لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کراوە
لە ڕووی داهاتەوە، کۆی پارەی بەدەستهاتوو لە فرۆشتنی نەوت تەنیا یەک ملیار و 87 ملیۆن دۆلار بووە، کە دەکاتە تەنیا 16٪ی ئەو داهاتەی لە مانگی شوباتی ڕابردوودا بەدەست هاتووە. دوای لێدەرکردنی خەرجیی کۆمپانیاکانی مۆڵەتدان، پوختەی داهاتی نەوت لە 800 ملیۆن دۆلار تێپەڕ ناکات، کە دەکاتە نزیکەی یەک ترلیۆن دیناری عێراقی. ئەم کەمبوونەوەیە گەورەیەی داهات لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە 7.5 ترلیۆن دینار هەیە تەنیا بۆ دابینکردنی خەرجیی مووچە، هەرچەندە ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە مووچە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەستەبەر کراوە و کێشەی بۆ دروست نابێت
94 جار خوێندراوەتەوە