ئەمڕۆ شەممە (23ی
ئایاری 2026)، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق،
سەردانی وەزارەتی دارایی کرد و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی
باڵای وەزارەتەکەدا
کۆبووەوە، بە مەبەستی دانانی دیدگایەکی دارایی تۆکمە کە وەڵامدەرەوەی
ئاڵەنگارییەکان بێت.
لە
کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بە دۆخێکی هەستیاری
دارایی و ئابووریدا تێدەپەڕێت بەهۆی پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە، کە
کاریگەرییان لەسەر توانای هەناردەکردن و داهاتی نەوتیی عێراق داناوە. ناوبراو
جەختی لەوە کردەوە کە ٩٠٪ی بودجەی وڵات پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆیە پێویستە کار بۆ
فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گەشەپێدانی ئابووریی نانەوتی بکرێت، هاوکات
داوای کرد کە دەبێت ڕاستگۆیانە و بەبێ هیچ زیادەڕەوییەک هاووڵاتییان لە
ئاڵەنگارییە داراییەکان ئاگادار بکرێنەوە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕێنماییەکانیدا، زەیدی فەرمانی دا بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و تۆڕی
چاودێریی کۆمەڵایەتی لە کاتی خۆیدا بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی دڵەڕاوکێ. هەروەها
داوای ئامادەکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران و بەڵێندەرانی کرد. سەبارەت بە
گومرگەکانیش، فەرمانی دا بە پێداچوونەوە بە داهاتی شەش مانگی ڕابردوو و
بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمەکە بۆ ڕێگریکردن لە گەندەڵی. لە بڕیارێکی
سەرنجڕاکێشیشدا، سەرۆک وەزیران هەڵواسینی وێنەی خۆی و وەزیرەکانی لە
دامودەزگاکاندا قەدەغە کرد.
121 جار خوێندراوەتەوە