عەلی عەلاق،
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران کە مووچەکانیان
بەتەواوی پارێزراوە و هیچ پاساوێک بۆ نیگەرانی نییە، هاوکات جەختیش دەکاتەوە کە
هیچ پلان و نیەتێک نییە بۆ گۆڕینی نرخی ئێستای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.
پارێزگاری
بانکی ناوەندی لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، نەختینەی پێویست و سیولەی
دارایی بۆ دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەردەستە.
سەبارەت بە
جێگیریی نرخی دراویش، ڕوونیکردەوە کە بانکی ناوەندی بەردەوامە لە جێگیرکردنی نرخی
فەرمیی دۆلار لەپێناو پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتییان و بوونی هەر جۆرە
قەدەغەکردنێکی ئەمریکیشی لەسەر پارەی عێراق ڕەتکردەوە.
لەبارەی یەدەگی
دراوی بیانی، عەلاق ئاشکرایکرد کە یەدەگی نەختیی عێراق لە ئاستێکی ئارامدایە و
پاڵپشتیی سەقامگیریی دراوی نیشتمانی دەکات.
هەروەها
دووپاتیکردەوە کە ڕێکارەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی هاوتەریب و کەمکردنەوەی
جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ بەردەوامە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قۆرخکاری و
یاریپێکردنی بازاڕ.
142 جار خوێندراوەتەوە