عەلی عەلاق: سەرباری کورتهێنانی بودجە، بۆ قۆناغی داهاتوو مووچە مسۆگەر کراوە

KNN : Kurdish News Network
11:03 - 21/05/2026
ئابوری
+
-

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بەشداریکردنی بانکەکەی لە ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بە "پێویستییەکی حەتمی" وەسف کرد بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی لە بازاڕ و بەهای دینار، هاوکات ڕەتیکردەوە هیچ بەرنامەیەک بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار هەبێت و دڵنیاییشیدا لەوەی مووچە مسۆگەر کراوە.

 

عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بانکی ناوەندی خاوەنی پێوەری وردە سەبارەت بە نەختینەیی، یەدەگی بیانی و ئاستی خستنەڕووی دراو، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتدا، شانبەشانی ئەو سیاسەتی داراییەی کە حکومەت و وەزارەتی دارایی دەیگرنەبەر.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی نەختینەیی و نرخی ئاڵوگۆڕ.

 

ڕوونیشیکردەوە، بودجەی فیدراڵی دەبێت ئامانجی ئابووری و گەشەپێدانی ڕوونی هەبێت، پێشتریش بانکی ناوەندی داوای کردووە لەبری شێوازە تەقلیدییەکە، پشت بە "بودجەی بەرنامەکان" ببەسترێت بۆ بەرزکردنەوەی کارایی خەرجییەکان، بەڵام پێشنیازەکە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

 

سەبارەت بە داهاتی نەوتی عێراقیش ئاشکرای کرد کە سەرەتا بە دۆلار دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە بانکی یەدەگی فیدراڵیی نیویۆرک، دواتر لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەگوازرێتەوە بۆ هەژماری بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی بانکەکە لە ڕێگەی قەواڵە، ئاڵتوون و مامەڵەکردن لەگەڵ چەند بانکێکدا وەبەرهێنانی پێوە بکات.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەللاق دەنگۆی هەبوونی هەر نیازێکی حکومەتی بۆ گۆڕینی نرخی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتی نەختینەیی ئێستا تەرکیز دەخاتە سەر سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی نەختینەیی و هەڵاوسان. هەروەها دڵنیایی دا بە هاووڵاتییان کە مووچە بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر کراوە.

 

سەبارەت بە کورتهێنانی بودجە، پارێزگاری بانکی ناوەندی وتی: "کورتهێنانی ئێستا پێکهاتەیی و درێژخایەنە، نەک تەنها ژمارەیی وەک پێشتر، ئەمەش دەریدەخات کە کەلێنێک لە پێکهاتەی ئابووریی وڵاتدا هەیە بەهۆی پشتبەستنی نیمچە تەواوەتی دەوڵەت بە نەوت".

 

 ئاماژەی بەوەش کرد، خەرجییەکانی حکومەت بەتایبەت مووچە، دەرمان و خۆراک جێگیر و حاکیمەن، بەڵام نەرمی نواندن زۆرجار لەسەر حیسابی بودجەی وەبەرهێنان دەبێت، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری هەیە. هەروەها باسی لەوە کرد کە نەبوونی بازاڕێکی دارایی قووڵ، توانای عێراقی سنووردار کردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە ڕێگەی قەواڵە و قەرزەوە وەک وڵاتانی پێشکەوتوو.

139 جار خوێندراوەتەوە