نیویۆرک تایمز: ئەمریکا و ئیسرائیل بەنیازبوون ئەحمەدی نەژاد بگەڕێننەوە بۆ دەسەڵات

KNN : Kurdish News Network
09:29 - 20/05/2026
جیهان
+
-

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگدا، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانێکی نهێنییان هەبووە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران و دانانەوەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەو وڵاتە لە دەسەڵاتدا.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە کە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە وەریگرتووە، ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ خودی ئەحمەدی نەژاد پلانەکەی داڕشتووە. لە یەکەم ڕۆژی جەنگەکەدا، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر خاڵێکی ئەمنی لە بەردەم ماڵەکەی ئەحمەدی نەژاد لە تاران، بە ئامانجی کوشتنی پاسەوانەکانی و ڕزگارکردنی لەو دەستبەسەرییە ماڵییەی کە بەسەریدا سەپێنرابوو.

 

بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەحمەدی نەژاد لە هێرشەکەدا بریندار بووە و ڕزگاری بووە، بەڵام دوای ئەو ڕووداوە پاشگەزبووەتەوە و متمانەی بە پلانی گۆڕینی ڕژێمەکە نەماوە، تا ئێستاش شوێن و بارودۆخی تەندروستیی نادیارە.

 

هەڵبژاردنی ئەحمەدی نەژاد بۆ ئەو ڕۆڵە جێگەی سەرسوڕمانێکی گەورە بووە، چونکە پێشتر وەک کەسایەتییەکی دژە ئەمریکا و ئیسرائیل ناسرابوو و پشتگیرییەکی سەرسەختی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی دەکرد. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، بە توندی دژی سەرکردەکانی ڕژێمی ئێران وەستایەوە و ڕووبەڕووی کۆتوبەندێکی زۆری ئەمنی بووبووەوە.

 

 لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی ئەم پلانە نهێنییەوە بدەن.

499 جار خوێندراوەتەوە