دابەشکردنی موچە دەکەوێتە هەفتەی داهاتو

KNN : Kurdish News Network
04:18 - 20/08/2025
کوردستان
+
-

ئەندامێکی وەفدی دانوستانکاری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن-ی راگەیاند؛ گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێم و بەغداد لەسەر هەر سێ تەوەری، (داهاتی ناوخۆ، تەوتین، خەرجییە زیادەکان) بەردەوامە و نەگەیشتوینەتە خاڵی کۆتایی.

 

بڕیار نامیق، بەدواداچونی وردی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە کرد و بەپێی زانیارییەکانی، پرسی ناردنی موچەی هەرێم و تەواوی گفتوگۆکان، کەوتونەتە هەفتەی داهاتو.

 

دەشڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ یان سبەینێ پێنجشەممە شاندی هەرێم دەگەڕێنەوە و هەفتەی داهاتو سەردانی بەغداد دەکەنەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان.

 

سەرچاوەکەی دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکردوە، یەک هەفتە لە بەردەماندایە بۆ رازیکردنی کۆمپانیا ناڕازییەکانی نەوت، رێککەوتن لەسەر ژمارەیەکی نوێ بۆ داهاتی ناوخۆ، لەگەڵ پرسی تەوتینی موچەی فەرمانبەران.

 

سەبارەت بە موچەی مانگی شەش، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: وەزیری دارایی پێیوتوین کەی کاری لیژنەکان تەواو بو، ئەوکات پارە دەنێرن، بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش، کاری لیژنەکان هەفتەیەک درێژکراوەتەوە، واتە ناردنی موچە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوەوە.


سلێمانی - بڕیار نامیق

1552 جار خوێندراوەتەوە