نابینایە.. بەڵام دەستڕەنگینێکی بێ وێنەیە

KNN : Kurdish News Network
01:04 - 24/05/2024
گەلەری
+
-

ڕەحمە محەمەد ڕەشیدی 50 ساڵ دانیشتوی شاری سلێمانییەو لە تەمەنی 14 ساڵییەوە بینایی لەدەستداوە و خاوەنپێداویستیی تایبەتە، سەرەڕای بەخێوکردنی منداڵەکانی، خۆی بە کاری دەستییەوە سەرقاڵکردوە.

 

گەلەری:KNNC

 

چیرۆکی رەحمە بەم شێوەیەیە: کاتێک تەمەنی پێنج ساڵان بوە لە سەروبەندی جەنگی نێوان عێراق-ئێران، باوکی کۆچی دوایی کردوە و دایکی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی گرتوەتە ئەستۆ.

 

لەبارەی هۆکاری لەدەستدانی بینایی، رەحمە دەڵێت: "ئەو کاتەی دوچاری ئەم کارەساتە بوم، ساڵی 1988بو، ماڵمان لە کۆمەڵگای نەسر بو شتێک لە حەوشەکەماندا بو نەماندەزانی چییە (دواتر زانیمان مینی دژە کەسییە)، جار جار یاریشمان پێی دەکرد، نوسراوەکانی سەری هیچی نەمابو، لەبەرئەوە نەماندەزانی چییە، ڕۆژێک کە بۆ مریشک سەربڕین چومە دەرەوە، ئەو مینەم بە دەستەوە گرت، سەرەتا خەریک بو پێی پێدابنێم، بەڵام وام نەکرد و دواتر ویستم بە چەقۆکەی دەستم بیکەمەوە، ئەوە بو پیامدا تەقییەوە".

 

روداوەکە بوەتەهۆی دەستبەجێ لەدەستدانی چاوەکانی رەحمە، ئەو دەڵێت: "ئەو ڕۆژە ئێوارەی نەورۆز بو، خەڵکێکی زۆر لە ماڵمان کۆبووەوە، پاشان بردمیان بۆ نەخۆشخانە لەوێش گوتیان بیبەن بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی، ڕۆژێکی دژوار بوو، حکوومەت بە دوای کەسانی هەڵاتو لە سەربازیی دەگەڕا".

 

ڕەحمە باسی لەوە کرد کە هەتا پۆلی حەوتی بنەڕەتی خوێندوە و، ویستویەتی بەردەوامی بە خوێندنەکەی بدات، بەڵام بەهۆی ئەو کارەساتەوە نەیتوانیووە و، گوتی: "یەکێک لە چاوەکانم تارمایی بۆ گەڕایەوە و ماوەی 10 ساڵ دەیبینی، ئەویش تەنیا بەرپێی خۆمم دەبینی و دەمتوانی ڕێ بکەم، بەڵام دواتر ئەو ببینینە کەمەشم لەدەستدا".

 

ڕەحمە دوای ئەوەی فێری کاری دەستی دەبێت، جانتای نایاب لە مورو دروست دەکات و، منداڵەکەی لە ڕێگای سۆشیالمیدیاوە کاری بە بازاڕکردنی بۆ دەکات، وەک خۆی باسی دەکات تا ئێستا بەشداری لە دو فێستیڤاڵدا کردوە و بەرهەمەکانی نمایشکردون و، بوونەتە جێی سەرنج و کڕیاریشیان هەیە.

 

ڕەحمە بە نزیکەی دوو ڕۆژ جانتایەک تەواو دەکات و وەک خۆی دەڵێت ئەگەر کەسی ئاسایی دروستی بکات بە ڕۆژێک تەواوی دەکات، بەڵام من ڕۆژ و نیوێک بۆ دوو ڕۆژم پێویستە تا جانتایەک تەواو بکەم.

143 جار خوێندراوەتەوە