بەهۆى کەمبونەوەى ئاستى ئاوەوە دواى 39 ساڵ قوتابخانەیەکى ژێرئاوکەوتو لە سیمێل دەرکەوتەوە

KNN : Kurdish News Network
11:24 - 25/06/2025
گەلەری
+
-

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو، قوتابخانەیەک لە قەزای سێمێل سەر بە پارێزگای دهۆک لە ژێر ئاو دەرکەوتوە کە مێژوەکەی بۆ زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

 

 گەلەرى و هەواڵ:KNNC

 

ئاشکرابونی ئەم قوتابخانە کۆنە لە کاتێکدا رویداوە کە ھەرێمى کوردستان و ناوچەکە بەھۆی گۆڕانی کەشوهەواوە توشی قەیرانی ئاو بوە و ئاستی ئاوی زۆربەی بەنداوەکان بە شێوەیەکی ھەستپێکراو کەمبوەتەوە.

 

بەنداوی موسڵ کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگای دھۆک، ئاستی ئاوەکەی بەرەو دابەزین چوە، ئەمەش بوەتە ھۆی بە دەرکەوتن و ئاشکرابونی ئەم شوێنە مێژوییە. قوتابخانەکە کە لە نێوان شارەدێی خانکێ و کەنارەکانی بەنداوەکەدا دروستکرابو، پێشتر بە تەواوی لەژێر ئاودا شاردرابوەوە. بەڵام لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاو، بەشی سەرەوەی قوتابخانەکە بە دیارکەوتوە.

 

موختاری خانکێی کۆن، لە باسی مێژوی قوتابخانەکەدا وتی: "لە ساڵانی حەفتاکاندا ئەم قوتابخانەیە (قوتابخانەی خانکێی کۆن) دروستکراوە، لەناو قوتابخانەکەش خانویەک بۆ مامۆستاکان دروستکرابو، دوای دروستکردنی بەنداوی موسڵ لە ساڵی 1985دا، ئاوی بەنداوەکە بەرەو گوندەکەمان ھات. ئێمەش ناچاربوین بەرەو سەرەوە بچین و گوندەکە چۆڵ بکەین، لەو کاتەدا زیاتر لە 85 گوندی ئێزدی بەھۆی گلدانەوەی ئاوی بەنداوی موسڵەوە چۆڵکران، ئەمە بۆ سێهەمجارە بەھۆی نزمبونەوەی ئاستی بەنداوی موسڵەوە ئەم قوتابخانەی خانکێ دەردەکەوێت، بەڵام ئەمساڵ زۆر بە رونی دەردەکەوێت بەراورد بە ساڵەکانی پێشتر".

 

دەشڵێت: "قوتابخانەیەکی دیکەش ھەیە کە ھێشتا تەواو دەرنەکەوتوە، بەڵام ئەگەر کەمێک زیاتر ئاستی ئاوەکە دابەزێت، ئەویش بەدیار دەکەوێت و بە چاو دەبینرێت".

 

لە 25ی مانگی یەکی 1981 دەستکرا بە بونیادنانی بەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەی بەنداوی موسڵ، لە 24ی مانگی تەمووزی 1986 بەنداوەکە بەگەڕخرا، دوای بەگەڕخستی بەنداوی موسڵ و گلدانەوەی ئاو، ئەم قوتابخانەیەش ژێرئاو کەوت.

 

سەرچاوە/ئاژانسى ئەنادۆڵ

185 جار خوێندراوەتەوە