وێنە؛ پێنج رۆمانسیترین شارەکانى جیهانتان پێدەناسێنین

KNN : Kurdish News Network
01:56 - 11/07/2022
گەلەری

لە جیهاندا چەندین شوێن و شاری جوان هەن، بەڵام وەک پێویست سەرنجڕاکێش و رۆمانسی نین، رۆمانسیەتی حاڵەتێکی مرۆییە و چەند ساتێکى دەگمەن جوان و هێمنە لە دڵەوە هەڵەقوڵێت. بینینى ئەم پێنج شارە هەستێکى رۆماسى جوانتان پێ دەدەن کە لە هیچ شوێنێکى ترى دنیا ئەو هەستەتان لا دروست نابێت.

بە پێى راپۆرتێکى (یوسیتى گاید) کە تایبەتە بە گەشت و گەشتیاریى،  پێنج لە رۆمانسیترین شارەکانى جیهانتان پێ دەناسێنین.

یەکەم-  ڤینیسیا:
ئەگەر ڤینیسیا بونى نەبوایە
 چیرۆکى خۆشەویستى و جوانى ڤینیسیا کۆتایى نایەت، ئەگەر ڤینیسیا لەم جیهانەدا بوونی نەبووایە، ئەوا خودى دەرهێنەرى فیلمەکان و رۆمان نوسەکان دووبارە دروستیان دەکردەوە و وەک دیمەنی رۆمانسیترین فیلم و دیمەنەکانى جیهان پیشانیان دەداین، سروشت و هەڵکەوتەى شارەکە و هونەرى تەلارسازى ئەم شارەى وەک رۆمانسیترین شارەکانى جیهان پێ ناساندوین و چیرۆکى جوانى و خۆشەویستى ئەم شارە هەموو قوژبنێکى ئەم دونیایەى تەنیوە.

چى لەوە ڕۆمانسى ترو جوانترە کە لە ناو بەلەمێکى بچوکدا بە تەنیشتى خۆشەویستەکەتەوە بیت و بە ژێر ئەو پردە جوانانەى ڤینیسیاوە بێیت وبچیت، یان بەسەر پردە خجیلانەو کۆڵانە تەسکەکانى ئەو شارەدا پیاسەیکى هێمن بکەیت.

دووەم، پاریس
لە پاریس خۆر هەڵدێت و لە پاریس خۆر ئاوا دەبێت
شاری رووناکی و خۆشەویستی، کێ بوو بۆ یەکەم جار ووتی پاریس پایتەختی خۆشەویستیە لە جیهاندا؟ راستى وت و درۆى نەکرد. کێ دەتوانێت نکۆڵی لەوە بکات بە ڕاستی شارێکى عاشقانە و رۆمانسیانەو و پڕلە جوانییە. چى لەوە جوانترو خۆشترە پیاسەیەکى سەر ڕوبارى سین بکەیت یان لە قاوەخانەیەکى سەر جادەکانى ئەو شارە قاوەیەکى فەڕەنسى بخۆیتەوە، یان پیسایەکى کۆڵانەکانى مۆنمارت بکەیت.

کە چویتە پاریس پیاسەیەکى شەقامى شانزلیەت بیرنەچێت کە بەم بەرەو بەرى شەقامەکەدا قاوەخانەى جوان ڕازاوە ئەو ناوەى تەنیوەو کیژە ناسک ودەم بەخەندەکان کە بەروانکەکەى سنگیان لێیان بوە بەنەخش و بە زەردەخەنەیەکەوە خۆشترین قاوەو خوادنەوەکان پێشکەش دەکەن، ئەى بورجى ئیڤڵ؟ چویتە پاریس و نەچیتە لاى تاوەرى ئیڤڵ و سەیرى خۆرئاوابونى پاریس نەکەیت بەشێک لە جوانیەکانى پاریست لە کیس چووە.
لە هەر شوێنێک کە لێی بڕوانێت ، شەقام و گۆڕەپان و باخچە و مۆزەخانە ، پاریسىان کردوە بە شارێکی خۆشەویستیی و جوانى.

کۆتا قسە بۆ پاریس رەنگە ئەوە بێت کە دەڵێت: لە پاریس خۆر هەڵدێت و هەر لەوێش خۆر ئاوا دەبێت.

سێیەم،  پراگ
 شاری زێڕین و دڵی زیندوى ئەوروپا
پراگ یەکێکە لە رۆمانسی ترین شارەکانى جیهان و توانیویەتی بینا و هونەرى جوانى  تەلارسازیی کۆنى وەک خۆى بپارێزێت. لە ڕاستیدا باڵەخانە سەرنجڕاکێشەکانى ئەم شارە زیاتر لە کۆشکى پەریزادەو جادوییەکانى ناو فیلمەکان دەچێت.


رۆشتیتە پراگى پایتەختى چیک، نەکەى سەردانى قەڵا دێرینەکەى پراگت  لە بیر بچێت کە یەکیکە لە جوانترین قەڵاکانى جیهان و بۆ چەندین ساڵ شوینى حەوانەوەى میرەکانى ئەو وڵاتە بوە. یان پیاسەیەکى ئێوارانى سەر دەریات بیر نەچێت، تاوەرى سەر باڵەخانەو کڵێسکان کە خۆیان لە سەد تاوەرێک دەدەن دیمەنێکى جوانى بە شارەکە بەخشیوەو واى لێ کردوە بە شارى ئاڵتونى ئەوروپا ناو ببرێت.

چوارەم،  ڤییەنا

 شاری شنەباو نەسیم
ناوە کۆنە لاتینیەکەى (ڤێندۆپۆنا)یە و بە مانای هەوای جوان یان شنەبای تازە دێت، ئەم شارە دڵڕفێنە کە لە مێژوودا بە شارە بۆن خۆشەکە بە ناوبانگ بووە، ئێستاشى بە دەمەوە بێت پێى دەوترێت شارى پیاسەى ڕۆمانسى، هیچ شتێک لە پیاسەیەکى شەقامە سەوز و دڵڕفێنەکانى ئەم شارە خۆشتر نیە. لە بەر دەنگى مۆسیقا هێمنەکەى سەر شەقامەکانى کە بە هۆى بڵندگۆ شاراوەکانەوە گوێبیستى دەبین بە پایتەختى مۆسیقا ناسراوە.

ئەگەر لە پیاسەکردنیش ماندوو بون ئەوا دەاتوانن گالیسکەیەک بگرن بۆ ئەوەی هەست بکەن وەک پاشا و شاژنێک لە کۆڵانەکانی پایتەختی جوانی و خۆشەویستیدا لە ساتە لەبیرنەکراوەکانی ژیاندان و ژیان بەسەر دەبەن.

ڤیەننا وەک ناوەندێکى جیهانی بۆ پەروەردەوە ئەدەب و موزیک و هونەر بەناوبانگە و هەروەها شارێکی دڵخوازە بۆ جووتە تازەکان بۆبەسەربردنى مانگی هەنگوینى لە ناو دیمەنە دلڕفێنەکانى شارەکەدا. خەڵکى ڤییەناش بە خەڵکێکى جوان و دڵپاک و بەسۆز ناسراون.

پێنجەم، مەراکیش
 شارى هەزار و یەک شەوە
مەڕاکیش نازناوى شارى سورى پێدراوە، ئەویش لەبەر ئەوەى زۆربەى باڵەخانەکانى شارەکە بە خشتێکى سورى لمینى جوان دروست کراوە. بە ڕۆمانسیترین شارى عەرەبى و پێنجەمین شارى جیهان ناسراوە. ژیان لەم شارەدا ئەوەندە هێمنە واى لە خەڵکانى بیانى کردوە خانوى تیدا بکڕن و بۆ ژیان کردن ڕوى تێ بکەن وتێیدا بمێننەوە، سیحرى جوانى شارەکە و دەوڵەمەندى شارستانیەتیەکەى  واى کردوە خۆى بخزێنێتە ناو جوانترین شارەکانى جیهانەوە.
دارخورما و باخ و باخات مەڕاکیشى داپۆشیوە، دیمەنى کۆڵان و دوکان و بازاڕەکەى دیمەنى ڕۆمانى هەزارو یەک شەوە دێنێتە بەرچاوى سەردانى کەران. لە هەر کوچەیەکى بازاڕەکەدا دەبینێت چەند کەسێک جادوگەر ئاسا یارى بە مارەکان دەکەن و دەیانهێننە سەما.

شارەکە پڕە لە مزگەوت و شوێنەوارى دێرین و شوێنى حەوانەى ڕۆماسیانە کە بۆ سەردانى کەران دەبێتە یادگارییەکى لە بیرنەکراو بۆ هەمیشە لە یادەوەرییان دەمێنێتەوەو بە ئاواتى گەڕانەوەن بۆى ئەگەر بۆ جارێکیش بێت. 

سەردانى کام یەک لەم شارانەت کردوە، دواى پیشاندان و وێناکردنیان حەزدەکەیت سەردانى کام شار بکەیت؟

 

ئامادەکردنى: عەدنان عیزەدین

1510 جار خوێندراوەتەوە