تادێت بزوتنەوەی
تاڵیبان رێکارە گشتییەکان لە ئەفغانستان بەرامبەر بە ژنان توندتر دەکاتەوە، لە نوێترین
فەرمانیدا داوا دەکات لە شوێنە گشتییەکان عەبا و پەچە بپۆشن.
بڕیارەکەی تاڵیبان
بە یەکێک لە توندترین کۆت و بەندەکانی سەر ژنان دادەنرێت لەوەتەی لە ساڵی رابردوەوە
دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتووەتە دەست، کە تیایدا داوای لە ژنان کردووە لە شوێنە
گشتییەکان دەموچاویان داپۆشن هەروەها باشترە عەبا لەبەر بکەن، ئەوەش لەکاتێکدایە کەمتر
لە هەفتەیەکە لە ویلایەتی هیرات داوایکرد چیتر مۆڵەتی شۆفێری بە ژنان نەدرێت.
لە بڕیارەکەدا ئەوەش
خراوەتەڕو، کە ژنانی تەمەن مامناوەند جگە لە چاوەکان کە لە شەریعەتدا دیاریکراوە،
هەموو دەموچاو و جەستەیان داپۆشن، چونکە پیاوان سەیریان دەکەن.
جەخت لەوەش دەکاتەوە
ئەگەر ژنان لە دەرەوە کاری گرنگیان نەبێت، باشترە لە ماڵەوە بمێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا
سزای بۆ ئەو پیاوانەش دیاریکردووە کە ژن و کچەکانیان ناچار نەکەن پەچە بکەن و عەبا
بپۆشن، هەروەها وەزارەتی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە سزای جەڵدی بۆ هەر ژنێک
داناوە کە پابەند نەبێت.
307 جار خوێندراوەتەوە