دەزگای ئاسایشی هەرێم، گروپێکی چەکداریی داعشی سەر بە "ویلایەتی کوردستان"ی هەڵوەشاندەوە و لە زنجیرەیەک ئۆپراسیۆندا 22 ئەندامی ئەو گروپەی دەستگیرکرد
ئۆپراسیۆنەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشەوە، لە ماوەی 96 کاتژمێر و لە نێوان 8 بۆ 12ی ئەم مانگەدا بەڕێوەچوون. دەستگیرکردنەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەڵەبجە، هەریەک لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، خورماڵ و سیروانی گرتووەتەوە
گروپەکە ناویان لە خۆیان نابوو "کەتیبەی 5"ی سەر بە ویلایەتی کوردستان و پیلانیان هەبووە لە پارێزگای هەڵەبجە بۆمب دابنێن و هێرش بکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان. هەروەها هەوڵیانداوە "ئەماڕەتێک" لە ناوچەکانی هەورامان یان شارەزوور دروست بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان بە کۆکردنەوەی پارە و کڕینی چەک کردووە
لەکاتی دەستگیرکردنیاندا هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە، لەوانە چەکی ئاربیجی، گوللەهاوەن، نارنجۆک، کڵاشینکۆف، دەمانچە و کەلوپەلی سەربازی. لە ئێستاشدا سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەی دووی تیرۆر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە.
176 جار خوێندراوەتەوە