عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شێخ و کەسایەتییە هۆزەکییەکان، نەخشەڕێگایەکی نوێی ئابووری، ئەمنی و دیپلۆماسیی وڵاتی ڕاگەیاند. جەختی لەوە کردەوە کە چاکسازیی ئابووریی عێراق پێویستی بە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و چوونەدەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکان هەیە لە وڵاتدا، هاوکات هەوڵ دەدەن عێراق لە دەرەنجامی ململانێ هەرێمییەکان بەدوور بگرن
لە ڕووی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە، سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق تا ساڵی 2031 دەگەیەننە 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەروەها "سندووقی نەوەکان"ـیان بە سەرمایەی 1.5 تریلیۆن دینار دامەزراندووە و بڕیارە سەرجەم ئەو پارانەی لە پرۆسەکانی نەهێشتنی گەندەڵیدا دەگێڕدرێنەوە، بخرێنە سەر هەژماری ئەم سندووقە. بۆ چارەسەری کێشەی نیشتەجێبوونیش، پڕۆژەی دابەشکردنی ملیۆنێک پارچە زەوی بە خزمەتگوزاریی تەواوەوە جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ تەرخانکردنی 500 ملیار دیناری مانگانە بۆ پێدانی شایستەی دارایی جووتیاران
لەسەر ئاستی ئەمنی و دەرەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە هێزەکانی سوپای تورکیا لەو ناوچانە پاشەکشە دەکەن کە لە ناو خاکی عێراقدا جێگیر ببوون. لە ناوخۆشدا، لە کۆی پێنج گرووپی چەکدار، سێ گرووپیان بە فەرمی چەکەکانیان ڕادەست کردووە و گفتوگۆش لەگەڵ ئەوانی دیکە بەردەوامە بۆ چەکداماڵینیان
لە لایەکی دیکەوە و لە پرسێکی پەیوەندیدار بە نەهێشتنی گەندەڵی، دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند؛ دادگا سزای زیندانیکردنی بەسەر سەرۆکی پێشووی لیژنەی خەمڵاندنی موڵکەکانی شارەوانیی حیللەدا سەپاندووە، ئەوەش بەهۆی سەرپێچیکردن لە ئەرکە فەرمییەکانی.
138 جار خوێندراوەتەوە