پەرلەمان و حکومەتی عێراق تاوتوێی وردەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 دەکەن

KNN : Kurdish News Network
01:34 - 06/10/2026
عێراق
+
-

لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەدان بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027. گرنگترین خاڵی گفتوگۆکانیش گۆڕانکارییە لە بەهای دۆلار و بەرزکردنەوەی نرخی فەرمیی 100 دۆلارە بۆ 150 هەزار دینار

 

ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرۆکایەتیی عودەی عەواد و ئامادەبوونی فالح ساری، وەزیری دارایی، کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد. لە کۆبوونەوەکەدا سێ بابەتی سەرەکیی ناو پرۆژەیاسای بودجە یەکلایی دەکرێنەوە کە تا ئێستا ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە، ئەوانیش بریتین لە؛ خەمڵاندنی قەبارەی بودجە بە 218 تریلیۆن دینار، دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک نەوت بە 58 دۆلار، لەگەڵ گۆڕینی نرخی فەرمیی دۆلار

 

ڕیاز تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، سەرباری پرسی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بودجە، پرسی چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێی ڕۆژانە یەکێکی دیکەیە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و بەرپرسانی وەزارەتەکە.

403 جار خوێندراوەتەوە