شارەزایەکی
بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین و سەرمایەکی جەمسەری ڕوو
لە هەرێمی کوردستان دەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن، کە ئەمەش
بە یەکەم دەستپێکی بارانی وەرزی نوێ یان "بارانی هەنار" دادەنرێت.
سالار حاجی
عەلی، شارەزای بواری کەشناسی، ئاشکرای کرد کە لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین و
سەرما دەست پێدەکات و بەهۆیەوە پلەکانی گەرما بە بڕی هەشت بۆ 10 پلەی سیلیزی نزم
دەبنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە قۆناغی یەکەمدا، کەشوهەوا ناسەقامگیر دەبێت و
ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسکە لە ناوچەکانی دهۆک، زاخۆ، سۆران و ناوچە
شاخاوییەکانی هەولێر هەیە.
لە درێژەی
لێدوانەکەیدا، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردەوە کە لە قۆناغی دووەمدا و لە 30ی
ئەیلوول بۆ چواری تشرینی یەکەم، شەپۆلەکە گشتگیر دەبێت و بەهۆی هاتنی
بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەرییەوە تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە. پێشبینیشی
کرد کە لە ڕۆژانی دوو و سێی تشرینی یەکەمدا، ئاستی بارانبارین فراوانتر بێت و
بگاتە سەنتەری شارەکانیش.
سەبارەت بە بڕی
بارانی پێشبینیکراو، سالار حاجی عەلی خستیەڕوو کە لە دهۆک دوو بۆ سێ ملیمەتر،
هەولێر یەک بۆ دوو ملیمەتر، سلێمانی و هەڵەبجە 0.5 بۆ 1.5 ملیمەتر، و لە کەرکوک
یەک بۆ دوو ملیمەتر باران دەبارێت. هەرچەندە لە ناوچە شاخاوییەکان بڕی بارانەکە
زیاتر دەبێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ڕێژەکان زۆر خێرا ئەگەری گۆڕانکارییان هەیە بۆ
زیادبوون یان کەمبوون.
645 جار خوێندراوەتەوە