وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژە بە چەند قۆناغێکی دیکەی ئامادەکاریی دەکات بۆ ھەڵبژاردنەکان و دەڵێت: راھێنانی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان تاکۆتایی ئەم مانگە درێژەی دەبێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تایبەت بە (KNN) رایگەیاند ئامادەکردنی ئامێرەکانی دەنگدان کە لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا دەبن درێژەی ھەیە، لەگەڵ دو کۆمپانیای کۆری ئەڵمانی گرێبەست کراوە تا ئامێرێکی لێکۆڵینەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ ھەر بنکەیەکی دەنگدان دابین بکرێت و دەخرێنە ژێر چاودێریی چاودێرە نێودەوڵەتییەکانەوە.
دەشڵێت: وەزارەتی دەرەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لیستی چاودێرە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتو ئامادەکردوە کە زیاترن لە (200) چاودێر.
غەلاى وتیشى، " کۆمسیۆن دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ (900) کارمەند بکات کە وەک تۆمارکەری داتاکان کاربکەن، تا بەراوردی دەنگە ئەلیکترۆنی و دەستییەکان بکرێت و رێگری بکرێت لە ساختەکاری".
وتەبیژى کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆن کار لەسەر رەخساندنی ھەلی دەنگدان دەکات بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان کە ژمارەیان (120) ھەزار و (126) کەسە، کۆمسیۆن کارتە بایۆمەترییەکانی رەوانەی ئەو پارێزگایانە کردوە کە ئێستا لێی نیشتەجێن.
لە درێژەى لێدوانەکەیدا بۆ (KNN) جومانە غەلای دەڵێت: راھێنانی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان درێژەی دەبێت، لە کۆتایی ئەم مانگەش بەشدار دەبن لە تاقیکردنەوەی پێشوەختەی ئامێرەکانی دەنگدان.
541 جار خوێندراوەتەوە