دوای هەوڵدان بۆ لەناوبردنی، وەزیری بەرگری ئیسرائیل داوا لە ئێران دەکات یۆرانیۆمەکەی ڕادەست بکات

KNN : Kurdish News Network
09:43 - 27/06/2025
جیهان
+
-

 

چارەنوسی یۆرانیۆمەکەی ئێران بە نادیاری ماوەتەوە و ئیسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، کە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەم دواییەی دژی ئێران، هەمو یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەناو نەچوە و داوش لە ئێران دەکات یۆرانیۆمەکەی رادەست بکات.

 

هەواڵ:KNNC

 

لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ میدیا وڵاتەکەی  وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە دوای دو رۆژ لە ئاگربەستی نێوانیان لەگەڵ ئێراندا، رایگەیاندوە؛ دەزانن تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەناو نەچوە، لە سەرەتای شەڕەکەشەوە دڵنیابوین کە هەموی لە ناوناچێت.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵوێستی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەوەیە کە داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن ئەو بڕە یۆرانیۆمەی ماوە لەگەڵ کەرەستەکانی پیتاندنی ڕادەست بکات.

 

بابەتی یۆرانیۆمی ئێران کە پیشتر ڕاگەیەندراو بو، 408 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە، لە دوای هێرشە چڕەکەی ئەمەریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بوەتە ڕۆژەڤی میدیا جیهانییەکان، ئەمەریکا دەڵێت؛ بەتەواوتی لەناومان بردوە و ئێرانیش نکوڵی دەکات.

 

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکیش بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیل کە دەستیان بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییە هەستیارەکان گەیشتوە، ئاشکرای کرد کە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، پێش هێرشەکەی ئەمەریکا گواستراوەتەوە بۆ تونێلەکانی ژێر زەوی لە دامەزراوەکانی فۆردۆ و ئەسفەهان، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئامانج لێی پاراستنیەتی لە هەر هێرشێکی دەرەکی و ئیسرائیک شوێنەکەی دەزانێت.

 

لای خۆشییەوە ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، دوپاتی کردەوتەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران زیانی "گەورە" بەرکەوتوە ، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی دەستپێکردنەوەی هاریکاری نێوان ئاژانسەکە و تاران بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە لەسەر زەوی.

 


831 جار خوێندراوەتەوە