وەزارەتی كشتوكاڵ: عێراق چوار بەنداو لە هەرێم دروست دەكات

KNN : Kurdish News Network
05:49 - 11/06/2025
کوردستان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم رایدەگەیەنێت: حکومەتی عێراق چوار بەنداوی گەورە لە هەرێمی كوردستان دروست دەكات و لە سبەینێشەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكات.


هەواڵ: (KNNC)


لەبەرنامەی پرسی رۆژی (KNN)ـدا هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەمەبەستی گلدانەوە و كۆكردنەوەی ئاو، حكومەتی عێراق بەنیازە چوار بەنداوی گەورە لە هەرێم دروستبكات.

 

وتیشی: بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و ئیدارەدانی هاوڵاتیانی هەرێم، بەنداوەكانی كوردستان ئاوی پێویستیان تێدایە، هەروەها بەهۆی روبەڕوبونەوەی شارەكانی ناوەڕاست و باشور بەوشكە ساڵی، هەرێم پابەندە بەبەردانەوەی ئاو بۆ شارەكانی عێراق.

 

لەسەر ئەو دەنگۆیانەی كەبەغداد فشاری خستوە سەر هەرێم بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر، رونیكردەوە؛ تا ئێستا حكومەتی عێراق فشاری لێنەكردون ڕێژەی بەردانەوەی ئاو بۆ شارەكانی ناوەڕاست و باشور زیادبكەن.

 

سەبارەت بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم راشیگەیاند: لە سبەینێ پێنجشەممە (2025/6/12) لە تەواوی كوردستان دەست بەوەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكرێت و ماوەی وەرگرتنی گەنمەكەش (30) رۆژ دەخایەنێت.


وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەرهەمی گەنمی  جوتیارانی هەرێم ساڵانە لە یەك ملیۆن و (500) هەزار تۆن نزیك دەبێتەوە، بەڵام ئەمساڵ عێراق تەنها  (400) هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێتەوە لەكاتێكدا تەواوی گەنمی جوتیارانی عێراق دەكڕێتەوە.

5434 جار خوێندراوەتەوە