لەگەڵ دەستپێکردنى شەڕ لەگەڵ ئێران و لە
رابردوشدا، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بەردەوام بە سیمبولێکى زەرد بە لاى راستى
سنگییەوە دەردەکەوێت، سەربارى هەڕەشە بەردەوامەکانى چاو دەچێتەسەر پەیامە
بێدەنگەکانیش، ئەو سیمبولە چییە و بۆچى نەتەنیاهۆ زۆرینەى کاتەکان دەیکات بە
جلوبەرگەکانییەوە؟
زانیاریی:KNNC
سیمبولێکە لە شێوەى شریتێکى زەرد، ئەم
سیمبولە بۆ چەندین هۆکار بەکاردێت، بەڵام دیارترینیان بۆ پاڵپشتیکردنە لە هێزە
سەربازییەکان بەتایبەت ئەوانەى لە دەرەوەى وڵاتەکە خزمەت دەکەن، بڵاوکردنەوەى
هۆشیارى دژى خۆکوژیی و ئازادکردنى بارمتەکانیش هۆکارێکى دیکەن، هەربۆیە
بەکارهێنانى ئەم سیمبولە بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت.
ئەمانە بەشێکن لە دیارترین هۆکارەکانى
بەکارهینانى شریتى زەرد:
پشتیوانیکردنى سەرباز و هێزە سەربازییەکان:
شریتى زەرد لەکاتى جەنگى کەنداو لە ساڵانى
1990 بەکارهێنانى بەربڵاوبو، وەک هێمایەک بۆ پشتگیریکردن لە هێزەکانى ئەمەریکا
بەکارهات کە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بون و وەک هیوایەکە بۆ گەڕانەوەى ئەو سەربازانە
بە سەلامەتیی بۆ وڵاتەکەیان و تا ئێستاش لە ململانێ سەربازییەکاندا بەکاردێت.
ئازادکردنى بارمتەکان:
شریتى زەرد وەک هێمایەک بۆ ئازادکردنى
بارمتەکان بەکاردێت، لە دەستپێکى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر غەززەوە لەلایەن سەرۆک
وەزیرانى ئیسرائیل و بەشێک لە بەرپرسانى وڵاتەکەوە وەک هێمایەک بۆ ئازادکردنى
بارمتەکان لەلایەن حەمماسەوە بەکاردێت، ئەم هێمایە بۆ پشتگیریکردن و هاوخەمییە هەم
بۆ بارمتەکان و هەم بۆ خێزانەکانیان.
هەندێک لە مەبەستەکانى دیکەى ئەم هێمایە:
دەکرێت ئەم هێمایە ئاماژەبێت بۆ بڵاوکردنەوەى
هۆشیارى دژى جینۆساید، شێرپەنجە، بەخشینى ئەندامەکانى لەش بە کەسانى پێویست،
هەربۆیە بەکارهێنانى دەکەوێتەسەر ئەو کات و شوێنەى کەسەکان تێیدا بەکاردەهێنن و لە
ئێستادا بەهۆى ئەوەى ئیسرائیل نزیکەى دوو ساڵە هێرشى بۆسەر غەززە و ئێستاش بۆسەر
ئێران دەستپێکردوە، هۆکارى بەکارهێنانى ئەم سیمبولە زیاتر سەربازییە.
7196 جار خوێندراوەتەوە