سەرچاوەیەك بۆ كەی ئێن ئێن: شاندێكی عێراق بۆ رێككەوتن سەردانی هەرێم دەكەن

KNN : Kurdish News Network
05:12 - 26/06/2025
کوردستان
+
-

سەرچاوەیەك بۆ (KNNC)ـی ئاشكرا كرد؛ بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسییەی داهاتی ناوخۆ، خەرجییەكانی هەرێم و ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت، شاندێكی حكومەتی عێراق ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەكەن و مەبەست لە هاتنی شاندەكەش ئەنجامدانی رێككەوتنە.


هەواڵ: (KNNC)


سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بۆ كەی ئێن ئێن: بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو رێككەوتنەی لە مانگی (2025/2) لەنێوان هەولێر و بەغداد، دۆسییەی داهاتی ناوخۆ، خەرجییەكانی هەرێم و ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت، بڕیار وایە ئەمڕۆ پێنجشەممە (2025/6/26) شاندێكی هونەری حكومەتی عێراق سەردانی شاری هەولێر دەكەن.


وتیشی: شاندەكەی عێراق لە سبەینێوە كۆبونەوەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و بەوردی باس لە دۆسیەی داهاتی ناوخۆ، كە یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەرێم و عێراق دەكرێت.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، یەكێكی دیكەی لە ئەو تەوەرانەی لە كۆبونەوەكانی شاندەكەی عێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێم باسی لێوە دەكرێت، رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و چۆنیەتی رادەستكردنی نەوتە بە كۆمپانیای سۆمۆ، كە مەبەست لە هاتنی شاندەكەش بۆ رێككەوتنە و چاوەڕێی دەرئەنجامی كۆبونەوەكانن.


هەر بەپێی زانیاریەکانی (KNN) شاندەكەی بەغداد لە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، وەزارەتی نەوت، دیوانی چاودێری دارایی عێراق، نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکور پێكهاتون و دەسەڵاتی تەواوەتیان بۆ ئەنجامدانی رێككەوتن پێدراوە.


سلێمانی – بڕیار نامیق

1268 جار خوێندراوەتەوە