لابو لابو... بوکەڵەیەکى بچوک و نرخێکى بەرز و ناوبانگێکى جیهانیی

KNN : Kurdish News Network
10:36 - 28/06/2025
جیهان
+
-

ئەگەر بەلاتەوە جوان بن یان ناشرین، بە شتیکى زیاد بیانبینیت یاخود پێویست، تۆ تا ئێستا ناوى (لابو لابو)ت بیستوە، ورچێکى شێوە سەیر و سەمەرەیە لە هەمو جیهانەوە گەورە و منداڵان حەزیان بۆى هەیە و بە پارەیەکى زۆر ئامادەن بیکڕن، کار گەیشتوەتە ئەوەى لە هەرێمى کوردستانیش کڕیارێکى زۆرى هەبێت و هاوڵاتییان ئامادەن بە نزیکەى 100 هەزار بیکڕنەوە.

 

وەڵامى ئەو پرسیارەى بۆچى لابو لابو ئەوەندە لە جیهاندا بەناوبانگ بوە زۆرێکى بێزار کردوە، چونکە لەڕاستیدا کەس نازانێت بۆ، بەڵام ئەم بوکەڵە بچکۆلە گرانبەهایە کاراکتەر و براندى زنجیرەیەکى ئەفلامکارتونییە بەناوى (زە مۆنستەر) کە لەلایەن (کاسین لونگ)ـى هونەرمەندى کۆرییەوە بەرهەمدێت.

 

ئەم بوکە بچکۆلانەیە، چەند رەنگ و شێوازێکى جیاوازى هەیە، کڕیاران نازانن کام رەنگیان کڕیوە تا ئەوکاتەى پاکەتى بوکەڵەکە دەکەنەوە، لەوکاتەشدا تۆمارى خۆیان دەکەن و کاردانەوەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە، ئەم بوکەڵانەش سەرەتا لەلایەن کۆمپانیاى یاریی منداڵانى پۆپ مارتەوە دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا لە هەمو جیهاندا فرۆشیار و کڕیاریشیان هەیە.

 

لەبارەى دوبارە دروستکردنەوەى ئەم بوکەوە، دەسەڵاتدارانى چین ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە کە لەگەڵ بەناوبانگبونى لابو لابو، تەنها لە یەک هەفتەدا 70 هەزار بوکەڵەى ساختە دروستکراون.


چۆن لابو لابو بەمشێوەیە بەناوبانگ بو، چۆن بوە ترێندێکى جیهانیی؟
پێش ئەوەى ناوبانگى ئەم بوکەڵانە بە جیهاندا بڵاوببێتەوە، ناوبانگیان تەنها لە چین بو، لە کۆتاییەکانى 2022 لەوێ بەناوباگ بو، هەروەها کڕیارێکى باشى ناوخۆیی هەبو، دواى کۆتاییهاتنى کۆرۆنا و کەرەنتنى جیهانیی، لە باشورى رۆژهەڵاتى ئاسیا بەرە بەرە ناوبانگى بۆ دروستبو، بەمەش لە سەرەتاى 2023 بەرە بەرە لە وڵات و شارە جیاوازەکان ناوى لابو لابو بیسترا.

لە ناوەڕاستەکانى ساڵى 2024 گۆرانیبێژى بەناوبانگ (ریهانا) ئەم بوکەى بە جانتاکەیەوە کرد، کیم کارداشیانیش کۆکراوەى رەنگەکانى لە لاپەڕەى خۆى لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، بەمەش ناوبانگى ئەم بوکە بە جیهاندا تەقییەوە و کڕینى لەلایەن کەسایەتییە بەناوبانگەکان و کەسانى گەورە و منداڵەوە دەستى پێکرد.

 

نرخى لابو لابو لە 13 بۆ 16 دۆلار دەستپێدەکات، بەڵام لەوەندەدا ناوەستێت و تا زیاتر لە حەوت هەزار دۆلار دەڕوات ئەویش بەپێی رەنگ و شێوەکەى دەگۆڕێت، ئەوەى ئەم بوکەڵە بچوکەى زیاتر بەناوبانگ کردوە ئەوەیە کە کەسانێک هەن بێ گوێدانە نرخەکەى ئامادەن زیاتر لە 10 دانە بکڕن بە نرخى زۆر بەرز تا ئەو رەنگەیان دەستدەکەوێت.

 

لە هەرێمى کوردستانیش لابو لابو بەردەستە، گەڕانێکى کەم بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەیت، چەندین ریکلام بۆ ئەم بوکە دەبینینت کە نرخەکەى لە 8 هەزار دەستپێدەکات و تا 75 هەزار دینار دەڕوات و بەپێی کوالێتییەکەى دەگۆڕێت.




1162 جار خوێندراوەتەوە