پڕۆژە یاساى بودجەى (2020) گەیشتەوە پەرلەمان

KNN : Kurdish News Network
05:24 - 21/09/2020
عێراق
+
-

ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، پڕۆژە یاساى بودجەى (2020)ى رەوانەى ئەنجومەنى نوێنەران کردەوە، ئەندامێکى لیژنەى دارایش ئاشکرایدەکات؛ تا پێنج شەممە خوێندنەوەى بۆ دەکەین و دەیخەینە بەرنامەى کارەوە.

ئەحمەد حاجى رەشید، ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى راگەیاند: وەزارەتى دارایى پڕۆژە بودجەى (2020)ى گەراندەوە بۆ پەرلەمان.

وتیشى: تائێستا وێنەى هەموارکراوەکەمان نەبینیوە کە وەزارەتى دارایى چ گۆڕانکارییەکى تێداکردوە، بەڵام سەرەتا ئێمە لە لیژنەى دارایى خویندنەوەى یەکەمى بۆ دەکەین و دواتر رەزامەندى دەردەبڕین بخرێتە بەرنامەى کار.

ئاشکراشیکرد، پێشبینى دەکات تا رۆژى پێنج شەممە، ئەوان لە لیژنەى دارایى خوێندنەوەى بۆ دەبکەن دواتر بۆ رۆژى پێنج شەممە ئامادەى بکەن تا بخرێتە بەرنامەى کارەوە.

باسى لەوەشکرد، ئامانج لە پڕۆژەکە زیاتر بەمەبەستى وەرگرتنى قەرزە، چونکە ئەگەر حکومەتى عێراق قەرز نەکات، ناتوانێت موچە بدات.

سەبارەت بە پشکى هەرێم لە پڕۆژەکەدا، ئەحمەد حاجى رەشید وتى: پشکی هەرێمی کوردستان لەماددەی (10) و (11) دا باس کراوە کە بە هەردو ماددەکەوە (٦) بڕگەیە و باشترین بڕگە بۆ هەرێمی کوردستان لەمادەی (11) دا هاتوە لەهەردو بڕگەی (سێهەم) (الف) و بڕگەی (چوارەم)دا، کە حکومەتی هەرێم هەڵدەسێت بە پێشکەش کردنی ئەو داتاو زانیاریانەی کە بونەتەهۆی قەرز و پابەندە دارای کەبونەتە هۆی کورتهێنان لەبوجەکەیدا لەماوەی ساڵەکانی (2014-2018) و رەوانەی دەکات بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لەماوەی (30) رۆژدا لەمێژوەی بەکارکەوتنی ئەم یاسایە.

734 جار خوێندراوەتەوە