درەنگانێكی شەوی ڕابردوو
ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا سەردانی ماڵی گەورە گۆرانیبێژی عەرەب فەیروزی كرد
لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، ئەوەش لە چوارچێوەی دووەم سەردانیدا بۆ ئەو وڵاتە دوای
تەقینەوە گەورەكەی مانگی رابردوو.
سەرەتا بڕیاربوو ماكرۆن
راستەوخۆ لە فڕۆكەخانەوە بچێتە ماڵی فەیروز لە ناوچەی ئەنتاڵیاس، بەڵام كاتژمێرێك
درەنگتر گەشتە ئەو شوێنە، لەگەڵ گەشتنیدا جەماوەرێكی زۆر و چەندین كەناڵی راگەیاندن
لەبەردەم ماڵەكەدا وەستابوون.
سەرۆكی فەرەنسا لەگەڵ
وەفدە یاوەرەكەیدا چونە ماڵەكە، بەڵام رێگە بە هیچ كەناڵێكی راگەیاندن نەدرا بچێتە
ژورەوە و وێنە بگرێت، بۆیە كۆبونەوەكە و گفتوگۆی نێوانیان بەشێوەیەكی تایبەت و نهێنی
مایەوە.
دوای كاتژمێرێك و 15
خولەك ئیمانوێل ماكرۆن هاتە دەرەوە و جەماوەر و كەناڵەكانیش چاوەڕێی وەتەكانیان دەكرد،
بەڵام ئەو تەنها داوای كرد هەمووان دەمامك ببەستن بە مەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی
كۆرۆنا.
دواتر سەرۆكی فەرەنسا
لەلێدوانێكیدا لە كەناڵی جەدیدی لوبنانی راگەیاند: "چاوپێكەوتن لەگەڵ فەیروز
زۆر پڕ چێژبوو، من لەمێژە بەئاواتی بینینی ئەوەوەم، چونكە ئەو هێمای خۆشەویستی و ژیانە،
گۆرانی (لبیروت) تایبەتمەندترین گۆرانییە لەلام".
سەبارەت بە جۆر و بابەتی
گفتوگۆكەی نێوانیان، ئەو سەرۆكە ئاماژەى بەوە كردووە، كە ئەوە تایبەت بووە و بۆی نییە
لێدوانی لەبارەوە بدات، ئەوەش لەسەر خواستی ئەو خێزانە، باسی لەوەش كردووە فەیروز
ئەفسانەیەكە و لای فەرەنسییەكانیش پێگەیەكی تایبەتی هەیە.
بەپێی زانیارییەكان ئیمانوێل
ماكرۆن لەو سەردانەدا میدالیای جوقەی بە فیروز بەخشیوە كە باڵاترین میدالیای فەرمی
رێزلێنانە لە فەرەنسا و ساڵی (1802) لەلایەن ناپلیۆنەوە داهێنراوە.
لای خۆیەوە ئەو ئەستێرە
بەناوبانگەی لوبنان تابلۆیەكی هونەری گەورەی پێشكەشی ماكرۆن كردووە، چەند كەسێكیش
لە یاوەرانی ئەو سەرۆكە لەكاتی جێهێشتنی ماڵەكە بینراون كە تابلۆكەیان پێبووە و لەپارچەیەك
قوماشەوە پێچراوە.
ئیمانوێل ماكرۆن، پێش
سەردانەكەی ئەوەى ئاشكراكرد، كە بۆ خواردنەوەی قاوەیەك دەچێتە لای فەیروز و ماوەیەك
لە ماڵەكەی دەمێنێتەوە، ئەوەش دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتەوە.
فەیروز ساڵی (1935) لە
بەیروت لەدایكبووە، لە کۆتایى ساڵانى چلەکان دەستی بە ئەنجامدانی كاری هونەری كردووە، خاوەنی زیاتر لە (800) گۆرانی و چەند فیلم و شانۆگەرییەكە، بەیەكێك لە
ناسراوترین ئەستێرەكانی عەرەب دادەنرێت و لەسەر ئاستی جیهانیش خاوەنی ناوبانگێكی زۆرە.
2028 جار خوێندراوەتەوە