بافڵ تاڵەبانی،
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانی رەخنەی توندی لە
سیاسەتی پارتی گرت و رایگەیاند، ئەوەی لە پەرلەمان روویدا داڕمانێکی گەورە بوو کە
کێشەکانی ئاڵۆزتر کرد. هاوکات هۆشداریشی دا کە هەر هەڵکشانێک لە گرژییەکان،
هەڵکشانی دیکەی بەدوادا دێت و کەمینەیەکیش لەناو پارتیدا هەن کە هیچ شتێکیان پێ
قبوڵ نییە.
سەرۆکی یەکێتی
بەڕوونی ئاماژەی بە بوونی دوو ئیدارەیی کرد لە هەرێمی کوردستان و رەخنەی لە
نادادپەروەریی دابەشکردنی سەرچاوەکان گرت. ئاشکرایکرد، چەمچەماڵ کە وەک
"تەکساس"ی هەرێمە و تەواوی غاز و کارەبای لێ بەرهەمدێت، 40 ساڵ لە دوای
هەولێرەوەیە، بۆیە پلانیان هەیە کەرتی وزە تەنها لە خزمەتی خەڵکدا بێت و بۆ قازانج
نەبێت.
لە رووی
ئەمنییەوە، بافڵ تاڵەبانی ئاشکرایکرد کە تاران گەرەنتیی پێداون هێرشەکەی سەر
کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەلایەن ئەوانەوە نەبووە، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش
بەرپرسیارێتیی خۆیان رەتکردووەتەوە. داواشی لە بەغدا کرد ئەگەر ناتوانێت سیستمی
بەرگریی ئاسمانییان بۆ دابین بکات، رێگەیان پێبدات خۆیان ئەو کارە بکەن.
لەسەر ئاستی
ناوچەکە، سەرۆکی یەکێتی دووپاتیکردەوە کە لە هیچ بەرەیەکی ناوچەییدا نین و
پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ واشنتن و تاران هەیە. جەختیشیکردەوە، چارەسەری کێشەکانی
هەرێم بەرگەڕگرتنی چاوەڕوانیی زیاتر ناگرێت و تا زیاتر لەگەڵ بەغدا یەکگرتوو بن،
پێگەی کوردستان بەهێزتر دەبێت.
سەبارەت بە
قسەکانی ئەم دواییەی تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمریکاش لەبارەی دۆخی هەرێم و
کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و پێویستی چارەسەرکردنیان وتی، لەگەڵ ئەو قسانە هاوڕام. داوا لە ئەمریکا و وڵاتانی تر دەکەم،ل تەنیا هاریکارمان بن لەوەی کێشەکانمان چارەسەر بکەین، ئەوەی لە پەرلەمان روویدا دژی هەموو پرۆسەیەکی دیموکراسییە، بۆیە تکاتان لێدەکەم هانی مەدەن و پشتیوانی لێمەکەن و رێگە مەدەن ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان روویدا ببێتە بابەتێکی ئاسایی، چونکە ئەوە کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ دواوە و رێگە لەبەردەم ئاڵۆزی دەکاتەوە.
254 جار خوێندراوەتەوە