یەکەمین بەفری ئەمساڵ دەبارێت؛ پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن

KNN : Kurdish News Network
03:47 - 06/11/2026
کوردستان
+
-

شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و بەفر ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئەگەری دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لێدەکەوێتەوە

 

بەپێی زانیارییەکانی سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی، شەپۆلەکە لەمڕۆوە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە دەستیپێکردووە. پێشبینیش دەکرێت لە دوانیوەڕۆ و شەوی ئەمڕۆدا، کاریگەرییەکانی بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان فراوان ببێت

 

لوتکەی کاریگەریی ئەم شەپۆلە، شەوی شەممە (7ی 11) و بەرەبەیانی یەکشەممە (8ی 11) دەبێت. لەو ماوەیەدا بارانبارین بە شێوەی لێزمە و هەورەبروسکە دەبێت، هاوکات ئەگەری بارینی تەرزەی گەورە و دروستبوونی لافاو هەیە. سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان و باکووری کەرکوک، زۆرترین کاریگەریی شەپۆلەکەیان لەسەر دەبێت

 

پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لەم شەپۆلەدا لە نێوان 15 بۆ 70 میلیمەتر بێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش ڕەنگە بگاتە 90 میلیمەتر. هەروەها، پێشبینی دەکرێت یەکەمین بەفری ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ببارێت

 

ئەم شەپۆلە تا بەرەبەیانی دووشەممە (9ی11) بەردەوام دەبێت و دواتر کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت. هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە کە خۆیان بپارێزن لە گەشتکردن بە ڕێگا نزمەکان و نزیکبوونەوە لە دۆڵ و ڕێڕەوە ئاوییەکان، بەتایبەت لە کاتی بوونی هەورەبروسکەدا.

408 جار خوێندراوەتەوە