شارەزایەکی
کەشناسی هۆشداریی دەدات لە بەردەوامیی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و دروستبوونی
لافاو لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. پێشبینیش دەکرێت لە ئێوارەی
سبەینێوە شەپۆلێکی سەرما ناوچەکان بگرێتەوە و یەکەمین بەفری ئەمساڵ ببارێت.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە چەقی
شەپۆلەکەوە. لە دوای نیوەڕۆوە بۆ شەو، کاریگەرییەکانی لە ئیدارەکانی گەرمیان،
ڕاپەڕین، سۆران و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زۆر بەهێز دەبێت، کە مەترسیی
دروستبوونی لافاوی گەورەی لێدەکرێت بەتایبەت لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، بەیانیی سبەینێ یەکشەممە کاریگەریی شەپۆلەکە لاواز دەبێت، بەڵام لە
ئێوارەدا بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری لە تورکیاوە هەرێم دەگرێتەوە. بەمەش کەشی
زستانە دەستپێدەکات و پێشبینیی بارینی یەکەمین بەفری ئەمساڵ لە حاجی ئۆمەران و
ناوچە شاخاوییەکانی سەرووی (1600) مەتر دەکرێت.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی دەڵێت، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە کاریگەریی شەپۆلەکە بەتەواوی کۆتایی دێت
و کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بارستە هەوا ساردەکەوە، لە
شەواندا پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ سفر پلەی سیلیزی دادەبەزن.
508 جار خوێندراوەتەوە