هەواڵێكی خۆش بۆ ئەوانەی لە كۆرۆنا چاكبونەتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:32 - 20/08/2020
تەندروستی
+
-

ئەنجامی چەند توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای دەكات، ئەوانەی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و نیشانەكانیان بە سوكی لەسەر دەركەوتووە، دوای چاكبونەوەیان بەرگرییەكی بەهێزیان هەیە كە بۆ مایەكی درێژ لەگەڵیان دەمێنێتەوە.

 

 
توێژەرەكان باسیان لەوە كردووە ئەو دژە تەنانەی لە لەشی كەسی چاكبووە هەیە، بۆ ماوەی چەند مانگێك لەدوای چاكبونەوە ڤایرۆسەكە بناسێتەوە و لەناوی بەرێت كاتێك دووبارە دێتەوە ناو لەشی كەسەكە.

 

پسپۆڕەكان بۆیە تەنها ئاماژەیان بە چەند مانگێك كردووە، چونكە ڤایرۆسەكە لە كۆتای 2019 دەركەوتووە واتە كەمتر لە ساڵێك، بۆیە تائێستا ئاشكرا نییە ئەو بەرگرییە بۆ ماوەی چەند درێژە دەكێشێت، پێشبینبیش دەكرێت هەمیشەیی بێت.
ماریۆن بیبەر پسپۆڕی زانستی بەرگری لە زانكۆی واشنتۆن كە سەرپەرشتی یەكێك لە توێژینەوەكانی كردووە دەڵێت "ئەوانە لە كۆرۆنا چاكدەبنەوە بەرگرییەكی بەهێزیان لا دروست دەبێت".

چەند توێژەرێكی دیكەش باسیان لەوە كردووە، كارلێكی كۆئەندامی بەرگری لەشی مرۆڤ لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێدا كە دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی كۆڤید 19، ئەنجامی دڵخۆشكەری داوە بەدەستەوە.

 

سیمیسا ئایەر كە یەكێكە لە خانمە پسپۆڕەكانی بواری زانستی بەرگری لە زانكۆی كالیفۆڕنیا و بەهەمان شێوە بەشداری توێژینەوەكەی كردووە ئاماژە بەوە دەكات، ئەنجامەكان زۆر دڵخۆشكەرن و بە بەرگری بەكۆمەڵ ناوی بردووە كە وەك بیرباوەڕێك بۆ ڕوبەڕووبنەوەی ڤایرۆسەكە لێدەڕوانرێت.

 

بنەمای بەرگری بەكۆمەڵ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە واز بهێنرێت توشبووەكان ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی دیكە بگوازنەوە، ئامانجیش لەوە چاكبونەوەیانە تاوەكو بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەكە پەیدا بكەن و دووبارە توش نەبنەوە.

 

بەو پێیەی كۆرۆنا زۆرترین كاریگەری لەسەر كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دروست دەكات، خاوەنانی ئەو بیروباوەڕە داوای پاراستنی ئەو كەسانە دەكەن لە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكە.

 

بەرگری كەسانی چاكبوەوە ماوەی چەند مانگی مقۆمقۆیەكی زۆری دروستكردووە، چەندین لایەن داوایان كردووە ڕێگە بدرێت زۆرترین كەس توشبن بۆ ئەوەی دوای چاكبونەوە بچنە ڕیزی پارێزراوان لە دووبارە توشبوونەوە.

 

ئەم دڵنیاییە تائێستا لای زۆرینەی كەرتی تەندروستی جێی باوەڕ نییە چونكە بەشێكی زۆر پێیان وایە پەتاكە هێشتا نوێیە و قورسە زانیاری تەواو لەبارەی ئەو بەرگرییەوە بزانرێت كە لای ئەو كەسانە دروست دەبێت كە چاكدەبنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی چەندیش ئەو بەرگرییە درێژەی دەبێت.

15983 جار خوێندراوەتەوە