کۆرۆنا لە فەرەنسا سەرهەڵدەداتەوە؛ ئامارەکانی تووشبوون لە بەرزبوونەوەدان

KNN : Kurdish News Network
12:17 - 11/10/2026
تەندروستی
+
-

دەستەی تەندروستیی گشتیی فەرەنسا، بەرزبوونەوەی نوێی لە ئامارەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا ڕاگەیاند. ئەم بەرزبوونەوەیەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی گومانلێکراو بە پەتاکە لە سەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵەوە و نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی هەڵمەتی کوتانی پاییزی.

 

بەپێی داتاکانی نێوان 21 بۆ 27ی ئەیلوول، سەردانی گومانلێکراوان بە کۆڤید-19 بۆ بەشەکانی فریاکەوتن بەڕێژەی 22٪ زیادیکردووە. لە هەمان کاتدا، تۆڕی پزیشکانی فریاگوزاریبەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕاوێژی پزیشکی بە ڕێژەی 19٪ بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکردووە. هاوکات نیشانەکانی پەسیو و ئەنفلۆنزا لای پێگەیشتووان بەڕێژەی 26٪ و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە لای منداڵانی خوار تەمەن یەک ساڵ بەڕێژەی 12٪ بەرزبووەتەوە.

 

دەسەڵاتدارانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە چالاکیی ڤایرۆسەکە لە ئێستادا هاوشێوەی ئاستی ساڵانی پێشووە. لەگەڵ ئەوەشدا، داوا دەکەن هاووڵاتییان، بەتایبەت ئەوانەی مەترسیی زیاتریان لەسەرە، ڤاکسین وەربگرن بۆ ڕێگریکردن لە سەختبوونی نەخۆشییەکە. بڕیاریشە ڕۆژی 13ی تشرینی یەکەم، هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا و ئەنفلۆنزا لە زۆربەی ناوچەکانی فەرەنسا دەست پێ بکات.

506 جار خوێندراوەتەوە