توێژینەوەیەکی نوێ: هەوکردنی پووک نیشانەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکی مەترسیدار

KNN : Kurdish News Network
10:03 - 07/07/2026
تەندروستی
+
-

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی ئاشکرای دەکات، خوێنبەربوونی پووک دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکی مەترسیداری گورچیلە، ئەمەش دوای ئەوەی بەستەرێکی بەهێز لە نێوان کێشەکانی دەم و ددان و تێکچوونی فەرمانەکانی گورچیلەدا دۆزرایەوە.

 

بەپێی ئەو توێژینەوەیەی لە گۆڤاری نێودەوڵەتی بۆ زانستی دەم و ددان (International Journal of Oral Science) بڵاوکراوەتەوە، تیمی توێژەرانی ئەڵمانی پشکنینیان بۆ تۆماری پزیشکیی دەم و ددانی (٦,١٧٩) بەشداربوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی "تەندروستیی شاری هامبۆرگ"دا کردووە، لە ئەنجامدا پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان نەخۆشییەکانی پووک و نیشانە سەرەتاییەکانی سستبوونی فەرمانەکانی گورچیلەدا بەدی کراوە. پێشتریش چەندین توێژینەوە هەوکردنی درێژخایەنی پووکیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەوە بەستبووەوە.

 

لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی ڕێژەی پرۆتینی "ئەلبومین" لە میزیاندا بەرز بووەتەوە (کە نیشانەیەکی سەرەکیی تێکچوونی فەرمانەکانی گورچیلەیە)، زیاتر ڕووبەڕووی نەخۆشیی پێشکەوتووی پووک بوونەتەوە. هاوکات نیشانەکانی تری تێکچوونی درێژخایەنی دەم، وەک وەرینی ددان و لەناوچوونی شانەکانی دەوروبەری، هاوتەریب لەگەڵ تراجانی تەندروستیی گورچیلەدا خراپتر بوون؛ ئەم پەیوەندییە تەنانەت دوای ڕەچاوکردنی هۆکارەکانی وەک (تەمەن، ڕەگەز، شەکرە و جگەرەکێشان) هێشتا وەک خۆی بەهێز ماوەتەوە.

 

زانایان پێیان وایە، هەوکردنی درێژخایەن هۆکاری سەرەکیی بەستنەوەی ئەم دوو نەخۆشییەیە بەیەکەوە، چونکە ئەو نەخۆشانەی بەدەست هەردوو کێشەکەوە دەناڵێنن، ڕێژەی پرۆتینی هەوکردن لە خوێنیاندا بەرزە. وەک تەواوکارییەک بۆ ئەم دیاردەیە، توێژەران ئاماژە بە ئەگەرێکی تر دەکەن کە ئەویش گواستنەوەی بەکتریای ناو دەمە لە ڕێگەی ڕەوتی خوێنەوە بۆ بەشەکانی تری لەش، بە تایبەتی بۆ ناو گورچیلەکان.

167 جار خوێندراوەتەوە