دژى تورکیا، عێراق هانا بؤ وڵاتانى عەرەبى دەبات

KNN : Kurdish News Network
04:50 - 13/08/2020
عێراق
+
-

ژمارەیەک لە وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبى، پشتیوانى خۆیان بۆ ئەمن و سەروەرى عێراق نیشاندەدەن و ئیدانەى لەشکرکێشیەکانى تورکیا دەکەن.

 

فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق پەیوەندى بە هەریەکە لە ئەحمەد ئەبو غەیت ئەمیندارى گشتى کۆمکارى عەرەبى و وەزیرانى دەرەوەى میسر و ئەردەن و سعودیە و کوەیتەوە کردووە.

 

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، ئامانج لە پەیوەندییەکان پێدانى وردەکارى بووە لە بارەى هێرشەکانى تورکیا بە وڵاتانى عەرەبى و یەکخستنى هەڵوێستى ئەو وڵاتانەیە بەرامبەر تورکیا لەگەڵ دووبارەنەکردنەوەى هێرشەکان و کشانەوەى هێزەکانى لەسەر خاکى عێراق.

 

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆش پێنجشەممە تورکیا رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانیان لەسەر سنورى دژى گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان بەردەوامە و لەو روەشەوە داواى هاوکارى لە عێراق کردووە.

 

رۆژى چوارشەممە، لە دەڤەری سیدەکان بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە دوو ئەفسەری پلە باڵای عێراقی سەر بە پاسەوانی سنوور کوژراون و دوو کەسی دیکە برینداربوون.

1531 جار خوێندراوەتەوە