کۆمپانیاى ئەسترازینیکا: یەک ملیار ڤاکسینى کۆرۆنا لەبەرهەمهێناندایە

KNN : Kurdish News Network
10:34 - 21/05/2020
زانستی
+
-

کۆمپانیاى ئەسترا زینیکا بڵاویکردەوە، لەتوانایدایە یەک ملیار ڤاکسین (پێکوتە)ى کۆرۆنا بەرهەمبهێنێت و پلانیان هەیە لە مانگى (9)ى ئەمساڵدا هەناردەى وڵاتانى بکەن.

 

 ماڵپەرى هەواڵى سکاى نیوز بڵاویکردەوە، ئەسترازینیکا کە کۆمپانیایەکى بوارى دەرمانە و بنکەى سەرەکى لە کامبریجى بەریتانیایە رایگەیاندووە، کۆمپانیاکە پلانى هەیە لە مانگى (9)ى ئەمساڵدا ڤاکسین بۆ ڤایرۆسى کۆرۆنا بخاتە بازاڕەوە و لەتواناشیدایە بڕى یەک ملیار لەو ڤاکسینە بۆ وڵاتان هەناردە بکات.

لاى خۆشیەوە باسکال سوریوت بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاکە رایگەیاند، دەستەى تەندروستى ئەمەریکا داوایانلێکردون (400) ملیۆن لەو ڤاکسینە بەرهەمبهێنن کە زانکۆى ئۆکسفۆرد بۆ نەهێشتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا پەرەى پێداوە، سوریوت دەشڵێت، کۆمپانیاکەیان پەرەى زیاترى بە بەرهەمهێنانەکانى داوە و تواناى دروستکردنى یەک ملیار لە و ڤاکسینەى هەیە کە زانکۆى ناوبراو پەرەى پێداوە و لە چەند مانگى داهاتودا لە تەواوى جیهاندا بەردەست دەبێت.

 

لەبارەى تێچوى بەرهەمهێنانى ڤاکسینەکەشەوە بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى بەرهەمهێن سوپاسى هەردوو حکومەتى ئەمەریکا و بەریتانیاى کردووە بۆ پشتیوانیکردنى دارایى کۆمپانیاکە.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، وڵاتانى زلهێزى جیهان لە ڕێگەى کۆمپانیاکانى دەرمانەوە لە کێبرکێى بەرهەمهێنانى ڤاکسینێکن بۆ ڤایرۆسى کۆرۆنا.

4139 جار خوێندراوەتەوە