ئایرین ڕۆستەمی: تاكە كچی ڕۆژهەڵاتی كوردستانم كە هەڵكۆڵین لەسەر مس دەكەم
كچێكی كوردی دانیشتووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان، ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی هەڵكۆڵین و كاری نەخشاندنە لەسەر مس و دەیان كاری نەخشاندنی لەسەر ئەو كاڵایانە هەیە كە لە مس دروستكراون، بەوتەی خۆیشی، یەكەم كچە لەرۆژهەڵات كە خەریكی ئەو كارەیەو لەو ماوە نزیكەدا چەندین نەخشی ناوازەو سەرنجڕاكێشی لەسەر كاڵا مسینەكان نەخشاندووە.

ئایرین رۆستەم حەبیب، كچێكی تەمەن 27 ساڵانی دانیشتووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاری بیناسازییە، بەڵام حەزو خولیای بۆ كاری مسگەری و هەڵكۆڵین و نەخشاندن لەسەر مس، وای لێكردووە واز لە پیشە سەرەكییەكەی خۆی بهێنێت و ماوەی زیاتر لە دووساڵە ژیانی خۆی تەرخانكردووە بۆ برەودان بە پیشە نوێیەكەی لە كاری هەڵكۆڵین و نەخشاندن لەسەر مس.

ئایرین لەبارەی چۆنێتی فێربوون و دەستكردن بەو كارە دەڵێت: برا گەورەكەی لە شاری سنە دوكانی فرۆشتنی مسی هەبوو، لەو دوكانەوە ئاشنای كاری مس و مسگەری و هەڵكۆڵین و نەخشاندن بووە لەسەر مس.

ئایرین سەرەتای دەستپێكردنی ئەم كارەی بۆ بژێوی و دابینكردنی ژیانی ڕۆژانەی نەبووە، تەنها حەزو خولیایەكی خۆی بووە بۆ هەڵكۆڵین و نەخشاندن لەسەر مس، ئێستا كە ماوەیەكی زۆرە بەردەوامە لەسەر ئەم كارە، دەتوانێت بژێوی ژیانی خۆی لەسەر دابین بكات و پاشكەوتیشی لێ بكات.

ئایرین ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگە بەردەوامە لەسەر كاری نەخشاندن و هەڵكۆڵین لەسەر مس و رۆژانە نزیكەی 10 كاتژمێر بە چەكوش و قەڵەمەكانییەوە بەردەوام كاری هەڵكۆڵین و نەخشاندن لەسەر ئەو كەلوپەل و كاڵایانە دەكات كە لە مس دروستكراون، لەوانەش سەماوەر و قاپ و كتری و قۆری و پیاڵە و ژێرپیاڵە و سینی و دەیان پارچەیتر.

ئەو كچە مسگەرە باس لەوەشدەكات، بەرنامە و پلانی هەیە ئەو دوكانەی كە ئێستا هەیەتی لەناو بازاڕی شاری سنە، فراوانی بكات و كارگەیەكی گەورەی نەخشاندن و هەڵكۆڵین لەسەر مس بكاتەوە تا ژمارەیەكی زۆری كچان فێری ئەو پیشەیە ببن و كاری تیادا بكەن.
2158 جار خوێندراوەتەوە