تەنها چەند لێدوانێکی بەرپرسان
وپسپۆڕانی بواری یاسا ودادگاکان بەسن
کە بەنمونە بیهێنینەوە بیری هەموان کە چۆن وچەندە بە ڕوون و ڕاشکاوی پێناسەی دادگا و یاسا وسەروەربونی یاسا دەکەن
لەهەرێمی کوردستاندا، لەنمونەی ئەو لێدوانانەش :
ـــ فاروق جەمیل وەزیری دادی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدیدارێکیدا
لەتەلەفزیۆنی (KNN) لە بەرواری ( 19-12-2016)
دەڵێت ( شتێک نیە بەناوی سەروەربوونی یاسا وئەوانەی باسی سەروەری یاسادەکەن خودی خۆیان
یاسا پێشێل دەکەن وکەسێک نیە لێپێچینەوەیان لەگەڵدابکات).
ـــ خاتوو ناز نوری دادوەر و سەرۆکی پێشوتری
داواکاری گشتی سلێمانی لە دیدارێکیدا لەگەڵ
گۆڤاری (ژن مەگەزین) لە مانگی (11 ی ساڵی 2016) دەڵێ (ئەوەی بینیم یاسا نوسراوێکە
بەرژەوەندی خاوەن پارە ودەسەڵات دەپارێزێت لەسەر حسابی خەڵکی هەژار ، کە لە مانگی
(7 ی ساڵی 2014 )کە لەدادگا هاتمەدەرەوە کتێبخانەیەکی گەورەم هەبوو کە پڕبوو لەکتێبی
یاسایی ، پاسەوان وکارگوزارەکان لێیان پرسیم چی لەکتێبەکان بکەین ؟ منیش پێم وتن دەتوانن
هەموی بسوتێنن چونکە بڕوام بەهیچ شتێک نەماوە ، دوای (27) ساڵ لەپیشەی پارێزەری بۆم
دەرکەوت کە یاسا لە وڵاتی من تەنها ناوە و درۆیە ).
ـــ ڕزگارمحەمەد ئەمین ئەودادوەرەی تاوانبار سەدام حسێنی سەرۆکی پێشوی عێراقی
دادگایی کرد و ئەندامی ئێستای دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستانە لە نوێترین لێدوانیدا
بۆدەنگی ئەمریکادەڵێت ( نزیکەی 40 ساڵ دەبێت لەدەزگای دادوەریدا کاردەکەم ، لەئێستا
خراپتر باری دادوەریم نەبینیوە لەعێراق بەگشتی و لەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی ).
ـــ لەتیف مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پێشوی نوێنەرانی عێراق و یەکێک لەدادوەرە
دیار و بەئەزموونەکان لەنوێترین لێدوانیدا لە (17-2-2021) بۆ بەشی ئینگلیزی دەنگی
ئەمریکا دەڵێت ( لە مڕۆوە شتێک نەما بەناوی دادگاوە ، دادگا سەربڕدرا و بوو بە درێژکراوەی
لق و مەڵبەند ) .
ئەم وتە ولێدوانانە کەهی کەسانێکن مەیدانیەن ساڵانێکی زۆر لەبوارەکەدا کاریانکردوە
دەبینین ودەبیستین، بەسە بۆئەوەی هەموان ئەوڕاستیە بزانین کە حاڵی دادگاکان وەک هەموو
کایەکانی تر کەحوکمڕانی خۆماڵی ودەسەڵاتی کوردی لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەیان
بردوە و دەیبەن، لەحاڵی سێکتەر وکایەکانی ترخراپتر نەبێت باشترنیە و ئەوەش کارەساتە،
گەر بەدیقەتەوە لێی بڕوانرێت چۆن لەم سێکتەرە گرنگەدا بەتەواوەتی دەستی حیزب زۆر
زاڵە و لێرە زیاتر ڕۆچۆتە هەموو جومگەکانەوە .
ڕاستە لەنێودادگا ودامەزراوەکانی پەیوەندیدار دادوەر وخەڵکانی خەمخۆرودڵسۆز
بە یاسا وحوکمی ڕەشید بونیان هەبوە وهەیە، بەڵام جگە پەراوێزخستنی ئەوجۆرە کەسانە
هەر گوێشیان لێنەگیراوە و زۆرجاریش کۆسپ و تەگەرەشیان بۆ دروستکردون یاخود بەجۆرێک
لەجۆرەکان سزادراون، یاخود بەشێکیان بەهۆی دەستوەردانی حیزبەوە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
بۆیە کاتیەتی هەوڵەکان گشتگیرترو چڕوپڕتر بکرێنەوە لەپێناو دوورخستنەوەی دەست
وهەیمەنەی حیزب و کەسەکان بەسەر دەزگا ودامەزراوەکان بە گشتی ودادوەری ودادگاکان بەتایبەتی، وە جیاکردنەوەی تەواوەتی
دەسەڵاتەکانی یاسایی ،جێبەجێکردن و دادوەری کە لەئێستادا جۆرێک لە تێکەڵ و پێکەڵی
بەڕوونی پێوەیان دیارە .
535 جار خوێندراوەتەوە