ئەمڕۆ (19/7) یادی (43)هەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینە
جەماوەرییەکەی تەمموزی ساڵی (1980)ـی پێنجوێنە، راپەڕینێک کە لەدوای نسکۆوە بەیەکەمین
ڕاپەڕینی جەماوەری ئەژمار دەکرێت.
ڕاپەڕینێک کە لەو زەمەنەدا بەشێوەیەک جۆش و خرۆشی
خستە نێو خەڵکی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، کە داوایان لێدەکرا ئەوانیش هاوشێوەی
جەماوەری ڕاپەڕیوی پێنجوێن بە گژ ستەم و زۆرداری ڕژێمی بەعسدا بچنەوە و پشتیوانی و
پشتگیری ئەو ڕاپەڕینە بکەن.
بۆیە لە یادی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەدا پێنجوێن و جەماوەرەکەی
تینوی پڕۆژە و خزمەتگوزارین، پێنجوێن و دانیشتوانەکەی پێویستی بە تەواوکردنی پڕۆژە
تەواو نەکراو و ڕاگیراوەکانیەتی کە نزیکەی (10) ساڵە وەستێنراون.
پێویستی بە پڕۆژەی وەبەرهێنانە لە بوارەکانی
کشتوکاڵ، گەشتیاری، پیشەسازی و......هتد کە ناوچەکە زۆر لەبار و شیاون بۆی .
پێویستی بەڕەخساندن و دروستکردنی هەلیکارە بۆگەنجان
و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان .
چیتر ئەو شارە وخەڵکەکەی پێویستی بەشانامە و پیاهەڵدان
و بەڵێنی درۆینە و بریقەدارنییە، چونکە گەر بەو بەڵێن و بڕیارانەی سێ دەیەی ڕابردوی
دەسەڵاتی خۆماڵی بوایە کە بەو شارە و دانیشتوانەکەی دراوە ئەوا ئێستا پێنجوێن دەبوە
شای شاران وهیچ شارێک شانی نەدەدا لە شانی .
بەڵام هەزار حەیف و ئەسەف بۆ لەقاڵبدان و پشتگوێخستن
و پەراوێز خستنی شارێک کە لە ماوەی (9)ساڵدا تەنها لە دەروازەیەکی وەک باشماخەوە بڕی
(دووهەزار و دووسەد و نۆزدە ملیارد و سێ سەد و حەوت ملیۆن) دیناری خستۆتەخەزێنەی
حکومەتی هەرێمەوە، کەچی لەبەرامبەردا ئەم حکومەتە نەیتوانیوە پڕۆژە تەواونەکراوەکانی
کەپێویستی بە (10 بۆ 15) ملیارد دینارە بخاتەوە گەڕ .
بۆیە هەقی خۆیەتی لە یادی ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەیدا
پێنجوێن پڕۆژەباران بکرێت و چیدیکە بە پەراوێزخراوی نەمێنێتەوە .
90 جار خوێندراوەتەوە