لەناوەڕاستی ساڵی (2014 )کە لە نێوهۆڵی پەرلەمانەوە دەنگ و متمانەدرا بەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی ئەوداتایەی
کە لەکۆتایی هەمان ساڵدا لەلایەن وەزارەتی دارایی وئابورییەوە نێردرابوو بۆ لیژنەی
دارایی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نزیک ببوەوە لە (یەک ملیۆن و 500) سەدهەزار،
یاخود دەقیقتر بیڵێین ژمارەکە بریتی بوو لە (یەک ملیۆن و480) هەزار، و مانگانەش
بۆپێدانی موچەی تەواوەتی ئەو ژمارە موچەخۆر و فەرمانبەرە حکومەت پێویستی بە (830) ملیارد دیناربوو.
لەساڵی (2014)شەوە بەبیانوی قەیرانی دارایی وبڕینی
بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە پڕۆسەی دامەزراندن تائێستاشی لەگەڵدابێت
بەفەرمی وەستێنراوە.
لەساڵی (2017)دا دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی سیستمی
بایۆمەتری بۆفەرمانبەران و موچەخۆران ، ژمارەی فەرمانبەرو موچەخۆران
ڕێژەکەی دابەزی وکەمیکرد بۆ( یەک ملیۆن و249)هەزارفەرمانبەر و موچەخۆر، واتا ژمارەی موچەخۆر بەنزیکەیی (200)هەزار کەمیکرد.
بەپێی دواین لێدوانی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی
هەرێمیش لەساڵی (2014 بۆ 2021) ژمارەی ئەوفەرمانبەرانەی خانەنشین بوون، (40)هەزار فەرمانبەر بوون واتا ساڵانە پێنج هەزار فەرمانبەر لەهەرێمدا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیان
خانەنشین دەبن، بەداتای وەزارەتی پلاندانانیش لەماوەی پێنج ساڵدا زیاتر لە (4)هەزار
فەرمانبەر بەتەواوی کۆتایی بەڕاژەی کارکردنیان هێناوە لەکەرتی گشتیدا کە بەدڵنیاییەوە ڕێژەکە زۆر لەوە زیاترە و هەزاران
فەرمانبەریش هەرێمی کوردستانیان جێهێشتوە و بەهەردەردی سەرییەک بێت ڕوویان لەهەندەران
کردوە.
وەزارەتی دارایی وئابوریش بەفەرمانی وەزاری
ژمارە (1)لە (4-1-2021)دا موچە و خانەنشینی دەهەزار و شەش سەدو نۆ کەسی ڕاگرت
کە لەسیستمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان هاتوە.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەسەرەتای
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (2020) ڕایگەیاند، بەهۆی سیستمی بایۆمەتری حکومەت موچەی
زیاتر لە (16)هەزارموچەخۆری ڕاگرتوە.
مەتەڵە بێ وەڵامەکە لێرەدایە، باشە بۆچی کە ژمارەی
موچەخۆر و فەرمانبەران نزیکەی یەک ملیۆن ونیو بوو، حکومەت بۆموچەی مانگانەبێ لێبڕین
وپاشەکەوت پێویستی بە (830)ملیار دیناربوو؟.
ئەی لەکوێی دنیا هەیە وهەبوە لەئێستادا بۆ پێدانی
موچەی مانگانە بەبێ لێبڕین بە (یەک ملیۆن و 251هەزارو 451)موچەخۆر پێویستت بە (
895)ملیارد دینارهەبێت؟.
ئێ ئەمەجگە لە مەتەڵێکی نەزانراو چ ناوێکی تری
لێدەنرێت کە دەیان هەزار ژمارەی موچەخۆرت کەمی کردبێت بە(بایۆمەتری، کۆتایی هاتنی ڕاژەیان
و جێهێشتنی وڵات)و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشت چەندساڵێکە ڕاگرتبێت، کەچی
مانگانە ڕێژەی ئەو پارەیەی پێویستە بۆموچەخۆر و فەرمانبەران ( 65)ملیار دینار زیاد
بکات.
ئەمە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرمان بۆدەسەلمێنێت، کەهەموو
ئەو داتاو ژمارانەی کەڕۆژانە دەوترێن وبەرگوێمان دەکەوێت هەرلەژمارەی موچەخۆر و فەرمانبەر
تادەگاتە بڕی خەرجی وداهات و ڕێژەی بێکاری وهەژاری و........هتد هیچیان ژمارەی ڕاستەقینە
نین،بەڵکو بەشێوەی گریمانەیی دەوترێن کە ئەمەش گومانی زۆر و نیشانەی پرسیاری گەورە
لەزیهنی هەمواندا دروست دەکات.
تەنانەت لەژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا
بەپێی داتا و ئامارەکانی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم وحکومەتی ناوەند
جیاوازییەکی ئاسمان وڕێسمانی هەیە ،کەزیاترە لە (720) هەزارکەس.
بۆیە ئەمەجگە لەوەی مەتەڵێکی قورسە، ناشزانرێت
وەڵامەکەی لەکوێیەو لای کێیە و بێ وەڵام ماوەتەوە.
900 جار خوێندراوەتەوە