19ی ئایار؛ دو کەرنەڤاڵی گەش و رەش


گەر بە وردی سەیرێکی مێژوی دورو نزیکی گەلی کورد بکەین ئەوا زۆر بەڕونی دەردەکەوێت کە کەم سات و رۆژی تێدایە روداو یان کارەساتێک تێیدا روینەدابێت ‌‌‌‌‌‌ئیتر ئەو ڕۆژە گەش بوبێت یان ڕەش ، کەبەداخەوە لەڕۆژژمێری کوردیشدا رۆژە رەشەکان گەلێک زێدەترن لەو رۆژانەی کەبە گەش هەژمارکراون لەمێژوی دورو نزیکماندا.

(19-5-1992) ئەو رۆژە بو کە دوای چەندین ساڵ لەژێر دەستەیی و چەوساندنەوە، و دواتر سەرکەوتن و سەرخستنی راپەڕینی کومەڵانی خەڵک لە باشوری کوردستان لەبەهاری ساڵی (1991)دا کە نەوشیروان مستەفا بەداڕێژەرو ئەندازیارەکەی دادەنرێت، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگەشبینی و دڵێکی پڕ لەجۆش و خرۆشەوە،و ئاپۆڕاو کەرنەڤاڵێکی گەورەو بێشومار رویانکردە ناوەندەکانی دەنگدان و هەڵبژاردن بەمەبەستی  دروستبون و پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان کە بۆ ئەو سەردەمەو لەو دۆخە ناسەقامگیرو ئاڵۆزەی ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕی وەرچەرخانێکی گەورەو گرنگ و مێژویی بو.

بۆیە دەکرێت سەرەڕای سەرنج و تێبینی زۆر دوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەکی حوکمڕانی خۆماڵی، بەڵام (19-5-1992) بەڕوژێکی گەش لەمێژوی کورد وێناو ناوزەند بکرێت، وەک یەکەم ئەزمونی هەڵبژاردن.

بەڵام دوای (25) ساڵ واتا چارەکە سەدەیەک لەهەمان رۆژو بەرواردا واتا (19-5)ی ساڵی (2017) رۆژژمێری کوردی رۆژێکی تری رەشی خستە سەر رۆژە نەهات و رەش و بێزراوەکان کە تێیدا [نەوشیروان مستەفائەمین]ی نوسەرو سەرکردەی خاوەن نیوسەدەخەباتی کوردایەتی و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواجار ماڵئاوایی لەخاک و خەڵکی کوردستان کرد، کە جگە لە تاسەباربونی میللەتێک، جەماوەرێکی بێشوماریش بەدڵێکی پڕ لەگریانەوە بەشدارییانکرد لەماڵئاوایی مرۆڤێک کە پڕبونەوەی جێگاکەی زۆر ئەستەم و قورسە.

ئەو یەکێک بو لەو سەرکردە بێ وێنانەی کە خاوەنی مێژویەکی زێڕین و بێگەردبو، لەخەباتی چەکداری و شارستانیشدا سەرقافڵەو سەرمەشق بو، نەوشیروان مستەفا خاوەنی چەندین خەسڵەت و بەهای بەرزبو کە ئەمەش جگەلەوەی خاڵی بەهێزی ئەوبو، بەوهۆیەشەوە هیچ کاتێکیش نەیارەکانی نەیانتوانیوە روبەڕوی ببنەوە.

ئەو بەهاو خاسیەتانەی لەنەوشیروان مستەفادا هەبون وایکردبو کە یارو نەیارو دۆست و دوژمن پێی سەرسامبن، ئەمەجگەلەوەی کە چەندین نازناوی پێدرابو لەوێنەی (سەرکردەی خاکی، یەکڕو راشکاو، باوکی هەژاران، کاکەنەوەو پیاوە مەردەکە) و ۰۰۰۰۰ هتد.

لێرەدا تەنهادو نمونە دەخەینە بەرچاو  لەسەر کەسایەتی و گرنگیەکەی کە چۆن و چی بوە؟ یەکەمیان هەڵسەنگاندنێکی کورتی نەوشیروان مستەفایە لەلایەن حیزبی بەعسی فاشت کە هەڵسەنگاندنیان بۆ زۆرێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی کورد کردوە لەباشوری کوردستان، لەیاداشتەکەدا کە لە ئەمنەسورەکەی سلێمانی بوەو شوێنی داپڵۆسینی گەنجان و تێکۆشەرانی کوردبو لەلایەن ئەو رژێمەوە، هاتوە کە [نەوشیروان مستەفا کەسێکە نە مەیلی بۆ ماددە هەیە نە بۆ سێکس و ئافرەتیش] کە لەسەرزەمینی واقیعدا کەمن ئەو بەرپرسانەی کە لەئێستادا هەن لەبەرامبەریان خۆڕاگر بوبێتن و چۆکیان بۆ دانەدابێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە نەوشیروان مستەفا کاریگەرترین سەرکردەی شۆڕش بوە لەو ئان و ساتەی ناوی لەو یاداشتەدا بەوشێوە هاتوە بۆ دژایەتی کردنی رژێمی بەعس و سیاسەتەکانی.

نمونەی دوەمیش هی چەند رۆژێک دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفایە لەمانگی ئایاری (2017)دا کە (نوێنەرانی وڵاتانی ئەمەریکا، فەرەنسی و بەریتانیەکانیش زۆر بەڕاشکاوی رایانگەیاندبو کە ئێمە هەرگیز چاوەڕوانمان نەدەکرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەسێک هەبێت بەو شێوەیە جەماوەری بێت لەکاتێکدا کەسەکەش هەم بێ چەک بێت هەم بێ پارەش).

دیارە لەلایەن کەسایەتییە ناوخۆیی و بیانیەکانیش بەچەندین شێوازی جۆراوجۆر پێناسەی نەوشیروان مستەفاکراوە، بەڵام تەنها ئەو دو نمونە بەسە بۆ تێگەیشتنی تەواو لێی.

یەکێک لەهاوڕێ نزیکەکانی نەوشیروان مستەفا چەند رۆژێکی کەم پێش کۆچی دواییەکەی سەردانی کردبو، هاوڕێکەی وتی: سەرەڕای خراپی باری تەندروستی، کاک نەوشیروان هێندەی سەرکەوتنی بزوتنەوەکەی لا گرنگ و مەبەست بو هێندە بەتەنگ تەندروستی خۆیەوە نەبو.

بۆیە پێویستە و گرنگیشە کە چۆن نەوشیروان مستەفا لەسەرەمەرگیشدا سەرکەوتن و پاراستنی بزوتنەوەکەی بەلاوە مەبەست و گرنک بوە، دەبێت بەرپرسان و هەڵسوڕاو گۆڕانخوازانیش سەرخستن و سەرکەوتنی بزوتنەوەکە بکەنە خاڵی بەهێزو هاوبەش، نابێت بەرپرسانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانیش هێندە بێ باک و خەمساردبن لەئاست رەخنەو سەرنجی هەڵسوڕاوان، چونكە نیازو مەبەستی هەموان پاراستنی بزوتنەوەکەو گەشەکردن و سوربونیەتی لەسەر دروشمە سەرەکیەکانی کە بۆی دروست بوە یان دامەزراوە.

گرنگترین کاریش کە بەرپرسانی باڵای گۆڕان  بیکەن پەلەکردنە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و بەستنی کۆنفرانس و کۆنگرەیە لەماوەیەکی دیاریکراوداو،  گەر بشتوانرێت تاکو ( 25-7) کە ساڵڕۆژی یەکەمین بەشداری کردنی بزوتنەوەکەیە دوای دروستبونی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ئەوا کارێکی شیاوبەجێیە. پێویستە لە کۆنگرەشدا رێز لەهەمو پڕۆژەو پێشنیارێک بگیرێت، چونکە بەدڵنیاییەوە هەر پڕۆژەو پێشنیارێک کە هەڵسوڕاو گۆڕانخوازان بەبێ جیاوازی پێشکەشی دەکەن مەبەست لێی بەهێزبونی بزوتنەوەکەو مانەوەیەتی بەگەورەیی، نەک خوێندنەوەو شیکردنەوەی جودا جودای بۆ بکرێت، و بەو هۆیەوە وەلابنرێت وپشتگوێ بخرێت.

ماوەتەوە بڵێین گەر  (19-5-1992) کە زیاتر لەچارەکە سەدەیەک پێش ئێستایە لاپەڕەکانی مێژوی کورد رۆژێکی گەشی لای خۆی تۆمارکردبێت، ئەوا لەساڵی (2017)شدا ئەو بەروارە بۆتە رۆژێکی رەش لەو تۆمارە مێژوییەدا.

760 جار خوێندراوەتەوە