کشانەوەی تاکتیکی لەبەرانبەر پاشەکشەی ستراتیجی دا.


هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا گەرمە؛ بەتایبەت لەژێر گوشاری ڕووداوە سەربازی و ئەمنییەکان و تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا، هێزەکانی هاوپەیمانان شێوازێکی نوێ لە خۆپاراستن و سەرلەنوێ بڵاوبوونەوە پیشان دەدەن. ململانێی دەوڵەتان لەسەر پرۆژە و بەرژەوەندییە هەمەجۆرەکانیان، ناوچەکە بەرەو شڵەژان و جەنگێکی بەرفراوانتر دەبات. کشانەوە لە هەندێک بنکەی دیاریکراو، مەرج نییە بە مانای بەجێهێشتنی تەواوەتی ناوچەکە بێت، بەڵکو زیاتر بەلای مانۆڕێکی تاکتیکیدا دادەکەوێ تا هێزەکانیان لە هێرشی نەیارەکانیان زیانی کەمتریان بەرکەوێت.
کێشەی نەتەوە و هێزە ناوخۆییەکان (لەبابەت کورد) لەوەدایە ،ناوبڕی نێوان کشانەوەی تاکتیکی و بەجێهێشتنی بەپەلە زۆر کورت و باریکە، وەک ئەوەی لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستاندا لە ساڵی ٢٠١٩ بینیمان.
ئەوەی لە ڕاگەیاندن و لێدوانی فەرمیدا دەبینرێت، لەئێستادا گوتاری نێودەوڵەتی بە توندی بەرەو بەهێزکردنی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت هەنگاو دەنێت. ئاراستەکە ئەگەر سەربگرێت، گوشار دەخاتە سەر هێزە نادەوڵەتییەکان و گرووپە چەکدارەکان؛ لە هەمان کاتدا لەسەرپێیە بۆ بێهێزکردنی قەوارە و هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکان (وەک هەرێمی کوردستان یان بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاوا) کە چەک و هێزی بەرگریی تایبەت بە خۆیان هەیە.
لەم نێوەندەدا، ئەگەر ناوماڵی کورد ڕێکنەخرێت و بەدامەزراوەیی نەکرێت، مەترسی و هەڕەشەی ئەوە هەیە چەمکی (سەروەریی دەوڵەت) بێتە هۆی قوتدانی دەستکەوتە نەتەوەییەکان لەلایەن دەوڵەتە ناوەندییەکانەوە. مەترسییە گەورەکە لە دەرەوە نییە، لە درز و کەلێن و خراپیی دۆخی ناوخۆیی دایە. مێژوو سەلماندوویەتی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ساتەوەختی مامەڵە دەکەن. کاتێک پەیوەندی و ڕایەڵە ناوخۆییەکانی کورد هەڵوەشاوە بێت، بڕیاری سیاسی پەرتەوازە بێت، دامەزراوەکان لەسەر بنەمای حزبایەتیی تەسک ڕاگیرابێت، ئەوا هەر گۆڕانکارییەکی خێرا لە نەخشەی هاوپەیمانێتییەکاندا دەبێتە هۆی زیانی گەورە و قەرەبوونەکراوە.
ئەگەرەکان زۆرن و پێویستە چی بکرێت؟
لەم قۆناغەدا، بۆ ئەوەی کورد لە گۆڕانکارییەکاندا نەبێتە قوربانیی هاوکێشە تازەکان، پێویستە ستراتیجێکی واقیعبینانە بگرێتە بەر کە پشت بە سێ کۆڵەکەی سەرەکی ببەستێت:
١_ گواستنەوەیان لە شێوازی حزبییەوە بۆ شێوازێکی تەواو نیشتمانی، بەجۆرێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە بەشێک لە سیستەمی ئەمنیی سەقامگیر سەیر بکرێن، نەک گرووپی چەکدار و هێزی میلیشیایی.
٢_ دامەزراندنی سەکۆ یان ئەنجوومەنێکی سەرکردایەتیی نیشتمانی لەسەر ئاستی هەرێم، بۆ ئەوەی لە بڕیاری بەرگری و سیاسیدا لەبەرامبەر بەغدا، وڵاتانی دەوروبەر و هێزە جیهانییەکان یەکدەنگ بن.
٣_ نەبەستنەوەی ئاینده‌ی سیاسی، تەنها بە بڕیار و مانەوەی ئەمریکا یان هاوپەیمانان؛ بەڵکو دروستکردنی کەناڵی هاوسەنگ لەگەڵ تەواوی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی کارتە ئابووری و جیوپۆلیتیکییەکان.
لەم هاوکێشەیەدا، دەسەڵاتی سیاسی ناوخۆیی دەرفەتەکە ی لەدەست داو و ئەرکی سەر شانی بەجێ نەگەیاند
نەیتوانی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی تۆکمە دروست بکات. بێگومان لە کاتی داڕمان و لەدەستدانی دەستکەوتەکاندا، بێباكیی دەسەڵات و چارەنووسی هاووڵاتیان لە یەکتر جیا ناکرێنەوە؛ کاتێک کەپری نیشتمان داڕما، ساباتەکەی بەسەر هەموواندا دەڕووخێت.
شەمەندەفەری چاکسازی و خۆرێکخستنەوە تێپەری ،دەسەڵاتدارانی بەجێ هێشت. ئیدی بارگرانی و ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی هێزەکانی بەرەی میللی ،کەساتییە سەربەخۆکان و کۆمەڵگەی مەدەنی . کاتی ئەوەیە ئەم بەرەیە خۆی کۆبکاتەوە، بژارەی نیشتمانیی بەدیل ڕێکبخات و گەلەکەمان بۆ ئەو ئەگەر و ئاڵۆزییانە ئامادە بکات. لە داهاتووێکی نزیکدا ڕووبەڕوومان دەبنەوە.
لە کۆتاییدا، ئەو نەتەوانەی لە ناوخۆدا خۆیان بەهێز ناکەن، لەسەر مێزی دانوستاندنی هێزە گەورەکاندا دەبنە بەشێک لە دەستکەوتەکانی ئەوانی تر، نەک هاوبەش لە بڕیاردا.

97 جار خوێندراوەتەوە