ماوەیەکە چەندین دەزگای راگەیاندن و میدیاو ماڵپەڕی سێبەرو بێ سەرو کلک، واتە واتێکی بێ ماناو بەرنامە بۆداڕێژراویان دەستپێکردوە، و چیرۆک ئاسا کەوتونەتە هۆنینەوەی شتگەلێک بەناوی کێشەو ململانێ لەنێوان گۆڕان و هەڵسوڕاوەکانیدا.
راستیەک هەیە کە دەبێت هەموان بیزانن، ئەویش ئەوەیە هەر حیزب و رێکخراوێک و تەنانەت فەرمانگەیەکیش گەر رای جیاوازی تێدا نەبێت بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئۆرگان و کاروبارەکانی ئەوا دەبێت ئەو حیزب و رێکخراوە بەزویی فاتیحا بۆ مەرگی خۆی بخوێنێ و دوابزمار لەتابوتی خۆی بدا.
گەر لەنێو گۆڕاندا رەخنەو رای جیاوازو ململانێیەکیش هەبێت ئەوا زۆر شەریفانەیەو تەنها مەبەست لێی باشتر بەڕێوەبردنی ئۆرگانەکانی گۆڕانەو نیشانەی زیندویەتی بزوتنەوەکەیە، گەر گۆڕانخوازێک رەخنەیەک ئاڕاستەی هەڵسوڕاوێکی تری گۆڕان دەکات لە رێکخەرەوە تا ئەوانیکەش ئەوا بونی ئەوپەڕی ئازادی رادەربڕین و قسەکردنە، ئاخر خۆ گۆڕان قوفڵێک نادات لەدەمی هەڵسوڕاوەکانی و کلیلەکەی لێبسەنێتەوە.
من تێناگەم هەندێ هێزی سیاسی بە چ مەبەست و نیەتێک لەپشت گەورەکردنی رەخنەو سەرنجەکانی هەڵسوڕاوەکانی گۆڕانەوەن و بەململانێ و کێشەی قەبە ناوزەندی دەکەن .سەرنج و تێبینی گۆڕانخوازان لە بزوتنەوەکەیان لەپێناو شکۆمەندترکردنی زیاتری بزوتنەوەکەیانە. ئاخر تۆ وەک تاک و ئێوە وەک حیزب کامە جومگەو ئۆرگانێکی حیزبەکەت هەیە کە هەنجن هەنجن و دانەڕزابێت یان توشی شێرپەنجەو نەخۆشی درێژخایەن نەبوبێت، باشە لەجیاتی باسکردنی هەڵامەتێکی سادەی گۆڕان و سەرقاڵبونت پێوەی بۆ ناچیت و باشتر نیە فریای نەک کۆی حیزبەکەت تەنانەت ئۆرگانێکیشی بکەویت تا بەتەواوی لەدەستنەچوە.
ململانێی گۆڕان لەسەر هیچ کام لە (پ)کان نیە کە بریتین لە پایەو پۆست و پارە، لەسەر پشک پشکێنەی بیرو بۆری نەوتیش نیە، خاوەنی کۆمپانیای جۆراوجۆریش نین تاکو لەسەری بەشەڕ بێین و سەنگەر لەیەکدی بگرین، و هێزی چەکداریشمان نیە دابەشی بکەین و هەر کەسەو داوای لیواو فەوجێک بکات بۆ خۆیی و خۆی پێوەبابدات.
بەڵکو ململانێی وسەرنجەکانی هەڵسوڕاو گۆڕانخوازانی بزوتنەوەکە لەپێناو پتەوترکردن و بەدامەزراوەیکردنی زیاتری ئۆرگان ودام و دەزگاکانیەتی، لەساڵیادی یەکەمین بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک هێزێکی مەدەنی وجەماوەری لە ( ۲٥-۷-۲۰۰۹)دا کەدەکرێت بە وەرچەرخانێکی گرنگ وگەورە هەژماربکرێت چونکە لەوڕۆژەوە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزوڕاستەقینە هاتەبون و لەدایکبو، هێندە بەسە بوترێت کە گۆڕان نە کەسی لێ زیادەو نەخۆشی بەدورە پەرێز دەزانێت لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا، پێویستیشی بە وزەو توانای هەموان هەیە لە هەڵسوڕاو و دەنگدەرێکەوە تا بەرپرسانی باڵا بۆ بەردەوامبون لەسەر ئەو پرەنسیپانەی کە لەپێناویدا دامەزرا،و هەر زو خەڵکی کوردستانیش بەهەمو چین و توێژە جیاوازەکانیەوە بەتوندی لەئامێزی خۆیان گرت و تاهەنوکەش بەفریادڕەسی خۆیانی دەزانن و ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیوە.
بۆیە باشترە ئەوکەس و پارت و رێکخراوانەی هێندە چاویان تیژکردوە،و زەڕەبینی چاویلکەکانیان مێشەکانی گۆڕانی لێکردونەتە گامێش و گامێشەکانی خۆشیان بەمێش، پێبزانن یان نا ئەو سەرنج و رەخنەو تێبینیانەی کە هەڵسوڕاو و دۆستەکانی گۆڕان لەدەرەوەو ناوەوە لێیدەگرن نیشانەی زیندویەتی و فەراهەمکردنی ئازادی تەواوە بە هەڵسوڕاو گۆڕانخوازو دەنگدەرەکانی.بۆیە گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوامەو هیچ کۆسپ و لەمپەرێک ناتوانێ بەری پێ بگرێت و بیوەستێنێت.
651 جار خوێندراوەتەوە